مەسرور بارزانی: نابێت هه‌ڵه‌كانى رابردوو له‌ مووسڵ دووباره‌ ببنه‌وه‌

دەبێت پێش ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ رێککەوتن لە سەر رەوشی ئیداری و سەربازییی ئەم پارێزگایە بکرێت

K24 – هه‌ولێر:

دوا نیوەرۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی پێشوازیی لە خالید عوبێدی وەزیری بەرگریی عێراق و فەریق ئەنوەر حەمەدەمین فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق کرد.

لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەکانی دەڤەرەکە و چۆنیەتی هەماهەنگیی نێوان دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

لەو دانیشتنەدا تیشک خرایە سەر بابەتی رزگارکردنی موسڵ و وەزیری بەرگریی عێراق ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شنگالی بە سەرکەوتنێکی گەورە پێناسە کرد کە کاریگەریی زۆری لە سەر پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ دەبێت.

هەر پەیوەست بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە هەرێم تەنیا مامەڵە لەگەڵ هێزە فەرمی و دەستورییەکانی عێراقدا دەکات چونکە ئەم هێزانە نابنە هۆی ورووژاندنی هەستیاریی تایفی.

لە بارەی بەشداریی پێشمەرگەش لەم ئۆپەراسیۆنەدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش روونیکردەوە کە پێشمەرگە هێزێکی کاریگەری سەر زەوییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بۆیە هاوکار دەبێت بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان لە هەر ناوچەیەک کە پێویست بکات، بەڵام مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە قۆناغی دوای رزگار کردنی موسڵیش بۆ هەرێم گرنگە و دەبێت پێشتر روون ببێت و رێکەوتن هەبێت کە پێشمەرگە لە چ دەڤەر و هێڵێک جێگیر دەبێت و چۆن ئیدارەیەکی هاوسەنگ بۆ ئەم پارێزگایە دادەنرێت بەجۆرێک هەڵەکانی ڕابردوو بەرامبەر بە پێکهاتە جیاجیاکانی ئەم پارێزگایە دووبارە نەبنەوە.

لە میانەی ئەم دیدارەدا وەزیری بەرگری توانا و قارەمانێتی پێشمەرگەی بە بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا کە هاوکاریی بەغدا بۆ پێشمەرگە لە ئاستی پێویست نەبووە و هیوای خواست بەربەستە سیاسییەکانی بەردەم هاوکاریی پێشمەرگە لابدرێن.