گوندێكی سنووری مەخموور لە دەستی داعش رزگار كرا

"8 تەرمی داعش جێماوە"

K24 - ھەولێر

ئەفسەرێكی سوپای عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سوپای عێراق ھێرشی كردە سەر چەكدارانی داعش لە گوندی مەھانەی سنووری شارۆچكەی مەخموور، كەمێك پێش ئێستا ئەو گوندە بە تەواوی رزگاركرا.

رائید ئەمین شێخانی، ئەفسەر لە سوپای عێراق بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "كاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق ھێرشی كردە سەر داعش لە گوندی مەھانەی سەر بە شارۆچكەی مەخموور، كەمێك پێش ئێستا گوندەكە بە تەواوی لە دەست چەكدارانی داعش رزگار كرا".

گوتیشی: "ئەوەی تا ئێستا زانراوە 8 تەرمی داعش لە گوندەكە جێماون و كەوتوونەتە دەست سوپای عێراق".

ئەو ئەفسەرەی سوپای عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ھەر یەك لە لیوای 31 و 72ی سەر بە فیرقەی 15ی سوپای عێراق بەشداریان لە ھێرشەكەدا كردووە".

هەفتەی رابردوو وەزارەتی بەرگری عیراق لە راگەیاندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو: "لە ئۆپەراسیۆنێکدا 57 هاووڵاتی هەردوو گوندی مەهانە و ماکۆکی رزگارکردووە".

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014، لە كاتی ھێرشەكانی داعش بۆ سنووری مەخموور، گوندی مەھانە و ژمارەیەك گوندی دیكەی سەر بە شارۆچكەی موخموور كەوتنە ژێر دەستی چەكدارانی داعش، زیاتر لە سێ مانگە سوپای عێراق فیرقەی 15ی بە مەبەستی رزگاركردنی ئەو ناوچانە لە دەستی داعش لە سنووری مەخموور جێگیر كردووە.