مەلا بەختیار: یەكێتی و پارتی لەسەر ریفراندۆم رێككەوتوون

"دەستوور جێبەجێ‌ بكات"

K24 - ھەولێر

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، یەكێتیی و پارتی لەسەر ریفراندۆم رێككەوتوون.

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای فەڕەنسا لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە: "ئەگەر عیراق ببێتە عیراقێكی دیموكراسی ‌و فیدراڵ، دەستوور جێبەجێ‌ بكات ‌و كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات، ئەوا وەكو كورد كێشەمان لەگەڵ عیراقدا نییە، بەڵام ئەگەر ساڵ بەساڵ دۆخەكە تێكبچێت، یەكێتیی لەگەڵ پارتی لەسەر ریفراندۆم رێككەوتووە، هەروەکو چۆن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی باشووری كوردستانیش بەهەمانشێوە رێككەوتوون".

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر چەند جارێك لە لایەن مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كورستان جەخت لەوە كراوەتەوە كە دەبێ ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، لە راگەیاندراوێكدا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بارزانی رایگەیاند، كاتی ئەوە هاتووە و دەرفەتەكان لە بارن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە رێگەی ریفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. ئەو ریفراندۆمە بە مانای دەستبەجێ راگەیاندنی دەوڵەت نییە بەڵكو بۆ ئەوەیە كە ئیرادە و رای گەلی كوردستان لە بارەی چارەنووسی خۆی بزاندرێت و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە كات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ بكات.