هاوپەیمانیی شیعە داوا دەکات چاکسازیی نەبێتە رێگەیەک بۆ "رووخاندنی دەوڵەت"

K24-هەولێر

هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە کە خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقە رایگەیاند داوا لە گەلی عێراق دەکەین داواکارییەکان بۆ چاکسازییەکان نەبنە رێگەیەک بۆ رووخاندنی دەزگاکانی دەوڵەت و پێشێلکردنی رێگە دەستوورییەکان بۆ بە گۆڕانکاریی و چاکسازیی.

هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە کە ئیبراهیم جەعفەریی سەرۆکایەتی دەکات و فراکسیۆنەکانی دەوڵەتی یاسا و ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر و ئەنجوومەنی باڵا دیارترین پێکهاتەکانین لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "سەرکردەکانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی لە پێشهاتە ترسناکەکان و هەڵکوتانی خۆپێشاندەران بۆ سەر ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) و دەستدرێژیکردنە سەر چەند پەرلەمانتارێک کۆڵینەوە".

هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە لە عێراق گوتیشی: "دڵنیایی دەدەینە گەلی عێراق، ئێمە یەکەم لایەن بووین کە بەدەم داواکارییەکانی مەرجەعییەتی باڵاوە هاتین بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ەو دابینکردنی خزتمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاوڵاتییان".

هاوپەیمانیی نیشتمانیی هاوکات داوا دەکات: "داواکارییەکان بۆ چاکسازییەکان نەبنە رێگەیەک بۆ رووخاندنی دەزگاکانی دەوڵەت و پێشێلکردنی رێگە دەستوورییەکان بۆ بە گۆڕانکاریی و چاکسازیی". داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبیی و گەلی عێراق کرد یەک ریز بن بۆ "رووبەڕووبونەوەی ئاستەنگە ترسناکەکان کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمان و ژیانی هاوڵاتییان دەکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ شەممە خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبن لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.

هاوکات خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر چەند پەرلەمانتارێکی عێراقیی و ئەشکەنجەیان دان و دوابەدوای رووداوەکە حکوومەتی عێراق باری لەناکاوی لە بەغدا راگەیاند.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی نەرەزایەتییەکانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق دوور لە بەشبەشینەی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی.

پەرلەمانی عێراق هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێکدا متمانەی بەخشییە بەشێکی کاندیدانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکانی نێو حکوومەتە نوێیەکەی عەبادیی، بەڵام رووداوەکانی دوێنێ رێگربوون لە پێش پێدانی متمانە بە تەواوی کاندیدەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئا: ئا ، ف