نەجمەدین كەریم: پێشمەرگە سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی بەشیری كردووە

"نوێنەری ھاوپەیمانان دەستخۆشی لە ھێزی پێشمەرگە كرد"

K24 - كەركووك

پارێزگاری كەركووك رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیر لە لایەن پێشمەرگە پلانی بۆ دانرا و پێشمەرگەش سەركردایەتی كردووە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیر سەركردایەتی كردن و دانانی پلان ھەمووی پێشمەرگە كردویەتی بە ھاوكاری ھاوپەیمانان، خەڵكی بەشیر و تازە وەك خۆبەخش بەشداریان كردووە و دوو شەھیدیان ھەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "پێشمەرگە جارێكی دیكە بۆ ھەموو دونیای سەلماند، ئەو كەسانەی لە خاكی كوردستان دەژین پێشمەرگە ئەركی پاراستنی خستووەتە ئەستۆی خۆی، لە ھەمانكاتدا بۆ رزگاركردنی ئەو شوێنانەی كە رزگار نەكراون".

باسی لەوەشكرد: "نوێنەری ھاوپەیمانان دەستخۆشی زۆری لە پێشمەرگە كرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی بەشیر، گوتیان كەمجار وا روویداوە ئۆپەراسیۆنێك بەم شێوەیە ئەنجام بدرێت بە زیانێكی كەمەوە شوێنێكی وا گرنگ رزگار بكرێت، راستە بەناو ھەر بەشیرە، بەڵام زۆر شوێنی دیكە لە دەوروبەری رزگاركراون".

دوێنێ ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیری لە باشووری كەركووك دەستپێكرد، لە ماوەی 24 كاتژمێردا توانیان ھەموو گەڕەكەكانی بەشیر و گوندەكانی دەوروبەری رزگار بكەن.