پێشمەرگە شكستی بە چەند ھێرشێكی داعش ھێنا
لە سێ میحوەر ھێرشیان كردوەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە
K24 - ھەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی خازر و تەلسقوف و باشیك، فەرماندەیەكی پێشمەرگە رایگەیاند، ھێزی پێشمەرگە لە زۆربەی قۆڵەكان شكستیان بە ھێرشەكانی داعش ھێناوە، لە ھەندێك قۆڵیش شەڕ بەردەوامە.
حەمید ئەفەندی، فەرماندەی میحوەری باشیكی ھێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە كاتژمێر 5:30 ی بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش ھێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی خازر و باشك و تەلەسقوف، پێشمەرگە لە زۆربەی قۆڵەوە شكستی بە ھێرشەكانی داعش ھێناوە، بەڵام تا ئێستا شەڕ لە ھەندێك قۆڵ بەردەوامە".
گوتیشی: "داعش ھێرشی بەرفراوانی كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە تەواوی زنجیرە چیای باشیك، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە توندی وەڵامی ھێرشەكانیان دایەوە و شكستیان بە ھێرشی داعش ھێنا".