پێشمەرگە ناوچەی تەلەسقوفی بە تەواویی کۆنتڕۆڵ کردەوە
"هەموو هێرشکەرانی داعش کوژراون"
K24-هەولێر
سەرچاوەکانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری تەلەسقوف رایانگەیاند هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شارۆچکەی تەلەسقوفیان لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ بە تەواویی کۆنتڕۆڵ کردەوە و لە چەکداری داعشیان پاککردەوە.
پەیامنێری کورستان 24 لە میحوەری تەلەسقوف پێی راگەیاندین: دوای ئەوەی چەند چەکدارێکی داعش بەرەبەیانی ئەمڕۆ دزەیان کردبووە نێو گەڕەکەکانی شارۆچکەی تەلەسقوف هێزی پێشمەرگە تەواوی شارۆچکەکەیان لە چەکدارانی داعش پاککردەوە.
پەیامنێرمان گوتیشی: بەپێی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە تا ئێستا 110 چەکداری داعش لە شەڕەکەی تەلەسقوف کوژراون و 18 هەمەر و چوار شۆفڵی زریپۆش و بە دەیان ئۆتۆمبێلی جۆری پیکابی دۆشکە هەڵگری داعش تێکشکێنراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە چەكدارانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی خازر و تەلەسقوف و باشیك لە باشوور و رۆژهەڵاتی مووسڵ.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك حەمید ئەفەندی بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە كاتژمێر 5:30ی بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش ھێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی خازر و باشیك و تەلەسقوف، پێشمەرگە لە زۆربەی قۆڵەکانەوە شكستیان بە داعش ھێناوە، بەڵام تا ئێستا شەڕ لە ھەندێك قۆڵ بەردەوامە".
ئەمە لە کاتێکدایە شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق لە ناوەوڕاستی ساڵی 2014وە لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە و تا ئێستا هێزەکانی عێراق نەیانتوانیوە هێرشی گرتنەوەی مووسڵ دەستپێبکەن.
ئا: ئا ، ف