ئاماده‌كارى بۆ كۆنترۆڵكردنى شه‌پۆلى ئاواره‌كانى كاتى رزگاركردنى مووسڵ ده‌كرێت

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی لە د. یاسین ئەحمەد عەباس ئەلمەعموری سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی و هاوڕێ ئیحسان سادق سەرۆکی لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی و موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوزیی بارزانی کرد.

K24 – هه‌ولێر:

لەو دیدارەدا رەوشی مرۆیی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێم تاوتوێ کرا و سەرۆکی مانگی سووری عێراقی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە وێرای ئەو قەیرانە داراییە توانیویانە پێشوازی لە یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار پەنابەر و ئاوارە بکات.

هەر لەو دیدارەدا تاوتوێی چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵی ئەگەری هاتنی شەپۆلی ئاوارەکانی موسڵ کرا لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لە دەست چەکدارانی داعش بە جۆرێک ئەو شەپۆلە لە ڕووی مرۆیی و تەنانەت ئەمنی کاریگەریی بۆ سەر هەرێم کەم بکرێت و لەهەمان کاتدا گیانی ئەو ئاوارانە بپارێزرێت.

بۆ ئەو پرۆسەیەش بڕیارە مانگی سووری عێراقی بە هاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی و دامودەزگاکانی حکومەت پلانی پێشوەختەیان هەبێت و پێداویستیيەکان دابین بکەن.