راگەيه‌ندراوی سەربازیی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

فه‌رمانده‌يى گشتيى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ باره‌ى داستانه‌كانى ئه‌مڕۆى هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ راگه‌يه‌ندراوێكى سه‌ربازى بڵاوكرده‌وه‌ و تييدا ورده‌كانى پرۆسه‌ى رزگاركردنى تلسقۆف و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى په‌لامارى چه‌كدارانى داعشى خستووه‌ته‌ڕوو.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌

كاتژمێر پێنج و بیست خولەكی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 3ـی 5ـی 2016 تیرۆریستانی داعش  بە تاكتیكی نوێ و لەڕێگەی بەكارهێنانی ئۆتۆمۆبیلی سەربازیی زرێپۆش و مینڕێژكراوە و ژمارەیەكی زۆری هێزی خۆكوژ پەلامارێكی بەرفراوانیان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە بەرەی باكووری موسڵ دەست پێكرد.

هەر چەندە لەسەرەتای شەڕەكەدا تیرۆریستان لە چەند شوێن پێشڕەوییان كرد بەڵام هێزی پێشمەرگە زۆر ئازایانە لێیان هاتنە دەست و زۆر بە توندی بەرپەرچی ئەو پەلامارە بەرفراوانەیان دایەوە و زەبرێكی كوشندەیان لە دوژمن وەشاند. لە ئەنجامی ئەو بەرخودانە كەموێنەیەی پێشمەرگە زیاتر لە سەد چەكداری داعش كوژران و 42 ئۆتۆمۆبیلی سەربازی و زرێپۆش و مێنڕێژكراویان تەقێندرانەوە و لەناوبردران و پەلامارە بەرفراوانەكەی تیرۆریستان تێكوپێكشكێندرا و هەموو ئەو شوێنانەی پێشرەوییان تێدا كردبوو لە دەست تیرۆریستان دەرهێنراو و كەسیان قوتار نەبوون.

لەم داستانە پڕ لە قارەمانێتییەدا هێزەكانی فەرماندەیی سپیلك و لەشكری تایبەتی یەك و لەشكری گولان و هێزی دژە تیرۆر و فەرماندەیی دهۆك و فەرماندەیی زێرەڤانی و فەرماندەیی پشتیوانی یەك و هێزی خۆبەخشی لقەكانی یەك و بیست و چواردە و هەژدە و نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزەكانی ئاساییشی ناوچەكە بەشدار بوون. هەموو شەڕ و بەرخودانیش قوربانی دەبێت، بەداخێكی زۆرەوە لەم شەڕەدا ژمارەیەك پێشمەرگە  و سەربازێكی ئەمەریكاییش شەهید بوون و گیانی خۆیان فیدای كوردستان كرد. سەرەخۆشی لە كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی ئەو پێشمەرگە شەهیدانە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

سەرەخۆشیش لە خانەوادەی سەربازە ئەمەریكاییەكە دەكەین كە گیانی خۆی لەپێناو بەرگری لە مرۆڤایەتی بەخشی. سوپاسی پشتیوانیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانان دەكەین كە لە ڕۆڵی كاریگەریان هەبوو لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و تێكشكاندنی پەلاماری تیرۆریستان.

پشت بە خودای گەورە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەركەوتنەكانیدا بەردەوام دەبێت و ڕێگە نادەن تیرۆریستان و ناحەزان بە مەرامە گڵاوەكانیان بگەن.

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

بەرەی باكووری موسڵ

3ـی 5ـی 2016