بەریتانیا ھێزی زیاتر رەوانەی عێراق و كوردستان دەكات

ھاوکاری زیاتری ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكەن

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بەسەدان راوێژکاری دیكه‌ی سەربازی رەوانەی عێراق و ھەرێمی کوردستان بكەن، ئەمەش دوای داواکاری ئەمریکا بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی بەریتانیا دێت كە دوای لێكردبوون رۆڵی زیاتریان ھەبێت لە شەڕی داعش.

لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند: "بۆ ھاوكاریكردنی زیاتری ھێزە عێراقییەكان لە شەڕی دژی داعش، بڕیارمانداوە بە سەدان راوێژكاری دیكەی سەربازی رەوانەی عێراق و ھەرێمی كوردستان بكەین".

بەگوێرەی راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، مایکڵ فالۆن، وەزیری بەرگری ده‌رباره‌ی ناردنی راوێژکاره‌ سەربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی لەگەڵ ئاشتۆن کارتەر، ھاوتا ئەمریکییەکەی گفتووگۆی کردووە و پێیراگه‌یاندووه‌، بەریتانیا ئامادەیە ھاوکاری زیاتری ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بکات، له ‌پێناو خێراکردنی پڕۆسەی لە ناوبردنی رێكخراوی داعش لە عێراق و سووریا.

وەزیری بەرگری بەریتانیا راگەیاندووە: "بەھۆی كاریگه‌ریی ھێرشە ئاسمانییەکانی ھاوپەیمانان، نزیکەی600 چەکداری داعش ته‌نیا له‌ مانگی رابردوودا کوژراون، هه‌روه‌ها له ‌ساڵی  2014 ـه‌وه‌ له‌ عێراق و سووریا نزیکەی 25 ھەزار چەکداری داعش کوژراون".

بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیەتی دژی داعش بە مەبەستی مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، تا ئێستا نزیکەی 300 راهێنه‌رو راوێژکاری سەربازی لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا ھەیە.