هاوپه‌يمانێتى دژى داعش هۆشدارى ده‌داته‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق

وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەدژی داعش، پەیامێکیان داوەتە لایەنە سیاسییەکانى عێراق و سەرۆکی حكومه‌تى ئيتيحادى عێراق حەیدەر عەبادی

K24 – هه‌ولێر:

وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەدژی داعش، پەیامێکیان  داوەتە لایەنە سیاسییەکانى عێراق و سەرۆکی حكومه‌تى ئيتيحادى عێراق  حەیدەر عەبادی  کە  پێویستە پێش ئەوەی دەستبكرێت بە ھەڵمەتی سەربازیی رزگاركردنی مووسڵ ناکۆکیيەكان چارەسەر بکرێن.

بەگوێرەی زانیاری میدیای ئەمریکا، وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لەو ھاوپەیمانیە، ترسی ئەوەیان ھەیە کە دوای رزگاركردنی مووسڵ حەیدەر عەبادی نەتوانێت لایەنە سیاسییەکان یەکبخات.

وەزیری بەرگری کەنەدا، ھەرجەت ساجان  لەوبارەیەوە دەڵێت: ناکۆکی سیاسی و تایفیی لە عێراق، نەک ھەر ترسە بۆ سەر عێراقییەکان، بەڵکو بووه‌تە ترسێکی جیدیش بۆ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانەی كە ئێستا لە عێراقدا بۆ لەناوبردنی داعش جێگیر كراون و لەناویاندا ھێزی تایبەتی راوێژکاری سەربازی کەنەدی کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سەربازی عێراقی دەکەن.

ساجان دەشڵێت: ئێمە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان لە گفتوگۆداین بۆچارەسەرکردنی کێشەکانیان و ھەوڵبدەن  بارودۆخەكە لەدەست دەرنەچێت.