پێنتاگۆن: په‌لامارى داعش بۆ سه‌ر تلسقۆف چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو

و ئەگەر پێشتر پێشبینی ھێرشی لەوجۆرە بکرایە، ئەوا رەنگە ئەنجامەکەشی جیاوازتر بوایە.

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رايگه‌ياند، زنجیرە ھێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆ سەر تلسقۆف، چاوەڕواننەکراو بوون و ئەگەر پێشتر پێشبینی ھێرشی لەوجۆرە بکرایە، ئەوا رەنگە ئەنجامەکەشی جیاوازتر بوایە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری پیتەر كوك  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە ھێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی داعش بۆ تلسقۆف کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی راوێژکارێکی سەربازی ئەمریکی، رايگه‌ياند، ئەگەر ئەمریکییەکان بیانزانیایە ئەگەری ھێرشێکی وەھا گەورە ھەیە، زیاتر خۆیان بۆی ئامادە دەکرد.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، دەشڵێت: دەکرا رێ لە کوشتنی ئەو سەربازە ئەمریکییە بەناوی چارلیس کیتین، بگیرایە.

پیتەر کوک، ئەوەشى گوت:  بۆ ئەگەری گۆڕینی ھەر پلانێکی کاری سەربازی ئەمریکییەکان لە عێراقدا ئەمریكا سەیری بارودۆخەكە دەكات.