بارزانى: له‌ شه‌ڕى داعشدا ئاماده‌ى هاوكاريكردنى عێراقيين

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش لەبارەی عێراق ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، لە هەموو بارودۆخێكدا هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگییەكە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی.

ئه‌مڕۆ له‌ ميانى پێشوازيكردنى لە جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانى، جەختی لەوە كردەوە كە لە هەموو بارودۆخێكدا هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگییەكە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌و ديداره‌دا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوا گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و رووداوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها ئەگەر و ڕێگەكانی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كراوون.

له‌ لايه‌ن خۆيه‌وه‌، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، بارزانی لە بۆچوونی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی چارەسەری قەیرانەكانی عێراق و هەروەها ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش لەبارەی عێراق ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر ئەوە درا كە هەردوولا لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان و گۆڕانكاریی تازە لە راوێژ و راگۆڕینەوەی بەردەوامدا بن.