باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: پێویستە ھەولێر و بەغدا دەست بە گفتوگۆ بكەنەوە

"لەگەڵ چەند بەرپرسێكی كورد كۆبوومەتەوە"

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، پێویستە ھەولێر و بەغدا بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان جارێكی دیكە دەست بە گفتوگۆی نێوانیان بكەنەوە.

 فڕانك بەیکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا لەسەر ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر و لەزنجیرەیەك تویتدا رایگەیاند: "پێویستە ھەولێر و بەغدا بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان جارێكی دیكە دەست بە گفتوگۆی نێوانیان بكەنەوە، چونکە بە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە، ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەتوانن پێشبكەون".

فڕانك نووسیوویەتی: "سەردانی ھەولێرم کردووە و  سەبارەت بە چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەگەڵ چەند بەرپرسێكی كورددا كۆبوومەتەوە".

ئاشكرای كردووە: "لەگەڵ  ھەریەك لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بەرھەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و ھۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق و شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق كۆبوومەتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە چەندین جار شاندی ھەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كۆبوونەتەوە و چەندین ھەوڵی ناوخۆیی و دەرەكی ھەیە بۆ رێككەوتنیان لەسەر ناكۆكییەكان، بەڵام تا ئێستا ھەوڵەكان بێ ئاكام بوونە.