لە کەرکووکەوە داوای لێبوردن لە سەرۆک بارزانی دەکرێت.. "ئێمە هەڵە بووین"

پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک داوای بەهاناوەچوون دەکەن
هێمن عەلی، پیشەوەرێکی بازاڕی حەسارەکەی کەرکووک
هێمن عەلی، پیشەوەرێکی بازاڕی حەسارەکەی کەرکووک

K24 - کەرکووک

خەڵکی کەرکووک بەگشتی، بەتایبەتی پیشەوەران کە بەهۆی دۆخی ئابووری کەوتوونەتە قەیرانی داراییەوە هاواریان لێ هەڵساوە، لەنێو ئەو دەنگە ناڕازییانەشدا پیشەوەرێک دەنگ هەڵدەبڕێت و داوای لێبوردن لە سەرۆک بارزانی دەکات، دەشڵێت تەنیا ئەو لە خەمی کوردە، بۆیە "هیوادارم بمانبەخشێت و هەموومان هەڵەبووین بەرامبەری".

ئەو پیاوە کە قسەی بۆ کوردستان24 کرد، دوکاندارە لە بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک، ئەو بازاڕەی خەڵکەکەی تەنگیان پێهەڵچنراوە و بێزارن بەهۆی ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک.

هێمن عەلی، دوکانی جوانکاریی ئۆتۆمبێلی هەیە لەنێو بازاڕەکە، دەڵێ "ئەم ئیدارەیەی کەرکووک، ئیدارەیەکی خوێنمژە، لەو کاتەدا کە وڵات خۆی داڕماوە، ئابووری نەماوە و بەهای دۆلار بەرزە و خەڵک بژێویی خراپە، هاتووە خەڵک دەردەکات. ئەمە کارێکی مرۆیی نییە، ئەمەش بە بۆنەی کابرایەکی وەبەرهێنەری کوردە، کە گەڕەکی پیشەسازیی لە دەرەوەی شار دروستکردووە، گەڕەکی پیشەسازییەکە خۆی زیادەڕۆییە و دەیانەوێت بەو جۆرە خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن".

بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک، لە زیاتر لە 500 دوکان پێکدێت و دەکەوێتە بەری چەپی خاسە، زۆربەی پیشەوەرەکانی کوردن. ئەو بازاڕە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دروستکراوە و تائێستا پیشەوەرانی وەک چەند مانگی رابردوو بێزار نەکراون.

ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووك داوای چۆڵکردنی بازاڕی حەسیرەکە دەکەن، ئیدارەی کەرکووک ئەمڕۆ بەربەستی کۆنکرێتی لەسەرجەم ئەو رێگایانە دانابوو کە بۆ بازاڕەکە دەچن، تاکو پیشەوەرەکان بازاڕیان نەمێنێت، بەڵام پیشەوەرانی بازاڕەکە ئەمەیان قبوڵ نەکرد و هەر ئەمڕۆ هەموو بەربەستەکانیان لادا.

دیمەنی بازاڕەکە دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا چەند دووکانێکی لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە رووخێنرا، وێنە: هێمن دەلۆ، کوردستان24
دیمەنی بازاڕەکە دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا چەند دووکانێکی لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە رووخێنرا، وێنە: هێمن دەلۆ، کوردستان24

پیشەوەرەکە باس لەوە دەکات "بە ئێمە دەڵین بڕۆنە دەرەوەی شار چونکە سیمای شارتان ناشیرین کردووە، کەچی خۆیان سیمای شاریان ناشیرین کردووە... کارەبا نییە و زبڵ کەرکووکی خواردووە".

ئەو شوێنەی داوا دەکرێت پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکە بۆی بگوازنەوە، گەڕەکی پیشەسازییە، کە دەکەوێتە بەری خۆرهەڵاتی کەرکووک و لە دەرەوەی سەنتەری شارەکەیە. هۆکاری ناڕازیبوونی پیشەوەرانیش ئەوەیە: هەندێکیان خاوەنی دوکانەکانیانن لە بازاڕی حەسیرەکە و نایانەوێت بگوازنەوە، ئەوانەی کرێچیشن جگە لەوەی دەڵین گەڕەکی پیشەسازی دوورە، جەخت دەکەنەوە لەوەی کرێشی زیاتر".

دیمەنی بازاڕەکە دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا چەند دووکانێکی لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە رووخێنرا، وێنە: هێمن دەلۆ، کوردستان24
دیمەنی بازاڕەکە دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا چەند دووکانێکی لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە رووخێنرا، وێنە: هێمن دەلۆ، کوردستان24

پەیامێکمان هه‌یه‌ بۆ سەرۆک بارزانی: ئێمە هەڵەمان بەرامبەرت کرد، وابزانە منداڵی خۆتین و لێمان ببوورە

لەدوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆک بارزانی ئەندازیاری بوو و، تێیدا دەنگی "بەڵێ" سەرکەوت و زۆربەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا، دواتر له‌ رێككه‌وتنێكی ژێر به‌ژێر له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر، هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر شاری کەرکووک. کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەر کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەپێنی سەر بە عێراق.

هێمن لەڕێگەی کوردستان24ـەوە پەیامێک بۆ سەرۆک بارزانی دەنێرێت و دەڵێ "ئێمە داواکارین لە سەرۆک بارزانی؛ ئیمەی خەڵکی کەرکووک هەڵەمان بەرامبەرت کرد، لە کوڕەکانی خۆت ببوورە، ئێمە زۆر زۆر هەڵە بووین، زۆر داوای لێبوردنت لێدەکەین، هیوادارین لە کوڕەکانی خۆت ببووری، چونکە تاکە کەسێک هەبێت دڵسۆزی کورد بێت، سەرۆک بارزانییە".

دیمەنی بازاڕەکە دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا چەند دووکانێکی لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە رووخێنرا، وێنە: هێمن دەلۆ، کوردستان24
دیمەنی بازاڕەکە دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا چەند دووکانێکی لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە رووخێنرا، وێنە: هێمن دەلۆ، کوردستان24

پیشەگەرەکە، داواکارییەکیشی لە سەرۆک بارزانی هەیە دەڵێ "هیوادارین چارەسەرێکمان بۆ بکەی. چونکە هەموو شتێک بە جەنابتان دەکرێت و تەنیا قسەی تۆ دەڕوات و هەموو دونیا گوێت بۆدەگرێت. ئێستا لەو شارە، کوردێک هەیە پارەی داوە بە عەرەب و تورکمان و هاتوون ئێمە دەردەکەن".

لەنێو چەپڵەرێزانی پیشەوەرانی نزیکیشی، هێمن دەڵێ "تکا لە سەرۆک بارزانی دەکەین لێمان ببورێت، بەڕاستی لە جەنابی زیاتر دڵسۆز نییە بۆ کورد، لە هەرچوار پارچەی کوردستان، دڵسۆز نییە بگاتە سەرۆک بارزانی، تائێستا من هەڵەبووم بەرامبەری، هەموومان هەڵەبووین".

دیمەنی بازاڕەکە دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا چەند دووکانێکی لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە رووخێنرا، وێنە: هێمن دەلۆ، کوردستان24
دیمەنی بازاڕەکە دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا چەند دووکانێکی لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە رووخێنرا، وێنە: هێمن دەلۆ، کوردستان24

ئەوە یەکەمجار نییە ئیداره‌ی سه‌پێندراوی کەرکووک، بە یارمەتیی هێزە ئەمنییەکان هەڵبکوتنە سەر ئەو بازاڕە. پێشتر وەکو هۆشدارییەکی توند لەڕێگەی شۆفڵ چەند دوکانێکیان لێ رووخاندوون، لەکاتێکدا خاوەنەکانیان هێشتا کەرەستەکانی ناویان دەرنەهێنابوو. هەرجارێک ئه‌و لێژنه‌یه‌ی ئیداره‌ی سه‌پێندراوی پارێزگا هەوڵبدەن دەریانبکەن یان دوکانەکانیان بڕووخێنن، پیشەوەرەکان خۆپیشاندان دەکەن، لە خۆپیشاندانی رابردووداشدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بەسەریانەوە کرد بۆ ئەوەی بڵاوەیان پێبکەن.

ئێستاش، پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک نە کێشەیان چارەسەر بووە، نە چارەنووسی بازاڕەکەشیان روونە.

 

هـ.ر.