پڕۆژەی رووناکی: 900 هەزار هاوبەش لە داشکاندنی قەرزی کۆن سوودمەند بوون

پڕۆژەی رووناکی ئاشکرای کرد، ئێستا نزیکەی 750 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی پێش رووناکییان لەسەر ماوە و نەیانداوە.

ئەمرۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێستا نزیکەی 750 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی پێش رووناکییان لەسەر ماوە و نەیانداوە. هەروەها ئاگاداری ئەو هاوبەشانە دەکاتەوە کە تاوەکو 18ـی ئەم مانگە کاتیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی سوود لە ئۆفەری داشکاندنی قەرزەکان وەربگرن، بە پێچەوانەوە دوای ئەو بەروارە داشکاندنەکە نایانگرێتەوە و تەواوی بڕی قەرزەکانیان دەخرێتەوە سەر قیست.

سەبارەت بە شێوازی قیستەکان، روونیکردەوە، هاوبەشانی ماڵان بەپێی بڕی قەرزەکانیان تاوەکو 24 قیستی مانگانەیان بۆ دەکرێت، بەمەرجێک کەمترین بڕی قیستی مانگانە بۆیان بریتی بێت لە 20 هەزار دینار.

ئاماژەی بەوەشکرد، نیوەی ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 200 هەزار دینار، کەواتە بە هەژمارکردنی داشکاندنەکە، بڕی کەمتر لە 100 هەزار دینار دەدەن.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە تەنیا 20%ـی ئەو هاوبەشانەی کە ماونەتەوە، 80%ـی کۆی گشتیی قەرزەکانیان لایە. راشیگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن هاوبەشی ماڵان بە تەواوی هیچ قەرزێکی پێش رووناکییان لەسەر نەماوە.

لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە قەبارەی هاوکارییەکانی حکوومەت و ژمارەی سوودمەندان ئاشکرا کراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتی یەکەم و دووەمی داشکاندنی قەرزی پێش رووناکی، لە نزیکەی 350 ملیار دیناری قەرزی هاووڵاتیان خۆش بووە، هەروەها تاوەکو ئێستا لە هەڵمەتی دووەمی داشکاندندا 100 هەزار کەس سوودمەند بوونە، کە لەگەڵ 800 هەزار سوودمەندی هەڵمەتی یەکەمدا، کۆی گشتیی سوودمەندبووان گەیشتووەتە 900 هەزار کەس.