"واشنتن پۆست": ئیدارەی بایدن ھەوڵ دەدات پەیماننامەی كەمكردنەوەی چەكی ستراتیجی ھێرشكردن درێژبكاتەوە
پەیماننامەكە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەكگرتووەكانە
K24 – ھەولێر:
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە، ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن ھەوڵ دەدات، پەیماننامەی كەمكردنەوەی چەكی ستراتیجی ھێرشكردن "ستارت-3" بۆ ماوەی پێنج ساڵ درێژ بكاتەوە.
رۆژنامەكە لە دەمی بەرپرسێكی ئەمەریكایی گواستووەتەوە، گوتوویەتی: "ئاشكرایە، پەیماننامەی "ستارت-3" لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەكگرتووەكانە و پاراستنی كارێكی زۆر لۆجیكیانەیە كاتێك پەیوەندییەكان لەگەڵ رووسیا لەرووبەڕووبوونەوە دابێت".
ئەنتۆنی بلینكن، كاندیدی پۆستی وەزیری دەرەوە لە ئیدارەی بایدن، رۆژی سێشەممەی رابردوو بە كۆنگرێسی راگەیاندبوو، ئیدارەكە ھەوڵی درێژكردنەوەی پەیماننامەكە دەدات، مۆسكۆش خۆشحاڵی خۆی بەو ھەنگاوە دەربڕی.
لە لایەن خۆیەوە، لوید ئۆستین، كاندیدی جۆ بایدن بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریكا گوتی: درێژكردنەوەی پەیماننامەی سنوورداركردنی چەكی ستراتیجی ھێرشكردن "ستارت-3" لە بەرژەوەندی واشنتنە.
جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی توانا سەربازییەكانی ئاسایی و ئەتۆمی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ "بەرپەرچدانەوەی رووسیا".
سەرچاوە: RT