پیلۆسی: بەم نزیكانە دادگاییكردنی ترەمپ لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەستپێدەكات

سەرچاوەیەك: "لەوانەیە پیلۆسی دۆسیەی دوورەپەرێزكردنی ترەمپ لە رۆژی ھەینی داھاتوو بداتە ئەنجوومەنی پیران"

نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا
نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، نانسی پیلۆسی جەختیكردەوە لەوەی دادگاییكردنی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ بە تۆمەتی ھاندان لەسەر توندوتیژی لەم نزیكانە دەستپێدەكات، بەبێ ئەوەی بەڕوونی دەستنیشانی كاتەكەی بكات.

دوێنێ پێنجشەممە پیلۆسی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لەگەڵ ئەوانەی كارەكە بەڕێوەدەبەن قسە دەكەم ئاخۆ كەی ئەنجوومەنی پیران ئامادە دەبێت بۆ دادگاییكردنی سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە ھۆی رۆڵی لەھاندان لەسەر یاخیبوون لە كاپیتاڵ ھیڵ".

پێلۆسی دۆناڵد ترەمپی تۆمەتباركرد بەناردنی لایەنگرانی بۆ سەر بینایەی كاپیتاڵ ھیڵ "بینایەی كۆنگرێس" و ھاندانیان بۆ چوونە ناو بینایەكەوە، لە كاتێكدار یاساداڕێژەران كۆببوونەوەی بۆ پەسندكردنی بردنەوەی جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، "لەوانەیە پیلۆسی دۆسیەی دوورەپەرێزكردنی ترەمپ لە رۆژی ھەینی داھاتوو بداتە ئەنجوومەنی پیران".

ئەنجوومەنی نوێنەران لە 13ی كانوونی دووەم رەزامەندی دەربڕی لەسەر لێپێچینەوە لە ترەمپ بەھۆی رۆڵی گریمانەیی لە ھەڵكوتانە سەر بینایەی كاپیتاڵ ھیڵ لە 6ی كانوونی دووەم. بەمەش ترەمپ دەبێتە یەكەم سەرۆك لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا، كە دوو جار دۆسیەی دوورەپەرێزكردنی بۆ بكرێتەوە. بەڵام پرسەكە پێش ئەوەی ترەمپ پۆستەكەی جێبھێڵی لە 20ی كانوونی دووەم رەوانەی ئەنجوومەنی پیران نەكرا.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"