سەركردەیەك لە پارتی ئەردۆغان: بایدن بەڕەگەز كوردە

"به‌ر له‌وه‌ی خانەوادەكەی بەرەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئه‌مه‌ریكا كۆچ بكات، لە تیرەی بیرۆكی كوردە بووه"

جۆ بایدن، سەرۆكی  ئەمەریكا
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

ئۆرخان میرئۆغلو، سەركردە لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە توركیا رایگەیاند، سەرۆكی ئەمەریكا، لە بنەچەدا كوردە و  خانەوادەكەی بەرەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئه‌مه‌ریكا كۆچی كردووه‌.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پێشووی توركیا لە تویتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "تویتەر" لەم بارەیه‌وە گوتی: ئەو لەم دواییە لە یەكێك لە ھاوڕێ كوردەكانی زانیوە و "ھەندێك دەڵێن: ناوی راستەقینەی بایدن، جیمویا بەھائەدین ئاغایه‌ و لە خێزانێكی كوردە، كە لە یەریڤانەوە بەرەو ئەمەریكا كۆچیانكردووە و سەر بە تیرەی بیرۆكی كوردە".

تویتەكەی ئۆرخان میرئۆغلو، سەركردە لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار
تویتەكەی ئۆرخان میرئۆغلو، سەركردە لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار

لە بەرامبەردا، ئەوەی باوە لەسەر بایدن، لە دایكبووی پێنسلڤانیای ئەمەریكایە و باپیرانی ئینگلیز و ئێرلەندی و فەرنسایین.

ئەم تویتە، كە گەیشتن بەڕاستی و ناڕاستی بابەتەكە قورسە، لە كاتێكدا دێت، كه‌ ده‌گوترێت بایدن سیاسەتێی پشتیوانیكردن لە كورد دەگرێتەبەر و پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن بەم ھۆكارە و ھۆكارەكانی دیكە وەك پرسی مووشەكەكانی "ئێس400"ی رووسی بە قۆناغێكی سەختدا تێپەڕدەبێت، بەتایبەتی سەرۆكی نوێی ئەمەریكا، پێشتر چەندین لێدوانی دژ بە سیاسەتی دەرەوەی توركیا دابوو، كە لە لایەن سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پەیڕەو دەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە، ئەو دەنگانەی لە ئەمەریكا داوای سەپاندنی سزای زیاتر دەكەن بەسەر ئەنقەرەدا زیادیانكردووە.

سەرچاوە: رۆژنامەی "زەمان" توركی بە عەرەبێ، رۆژنامەی "Ahval News" توركی بە ئینگلیزی، RT