بارزانى: هەرێمی كوردستان سەرچاوەی سەقامگیرییە نەك هەڕەشە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی هەنگاریا دەكات.

K24 – هه‌ولێر:

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئیستێڤان شمیچكۆ وەزیری بەرگریی هەنگاریا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری بەرگریی هەنگاریا دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی بە شەرەفێكی گەورە زانی و سڵاوی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی هەنگاریای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و پێزانینی بۆ رۆڵی بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو لە شكستدانی تیرۆریستان و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە وڵاتەكەی بەشێكی چالاكە لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش ئەوەیشی خستەڕوو كە بە بێ پێشمەرگە، تیرۆریستانی داعش تووشی شكست و پاشەكشە نەدەبوون.

ئاماژەیشی بەوەدا كە پێشمەرگە بۆ ئازادی دەجەنگێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ئاگاداری تەحەدیاتی ئابووری و ئەمنیی كوردستانە و بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چارەسەركردنی بریندارن.

لەبەرامبەردا بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی هەنگاریای كرد بۆ پشتیوانیان لە هەرێمی كوردستان و ستاییشی خەباتی گەلی هەنگاریای كرد بۆ گەییشتن بە ئازادی.

بارزانی لە وتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش كرد كە مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان و ژیانی مرۆڤایەتی و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ لەناوبردنی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی نێوده‌وڵه‌تى و رێكوپێك پێویستە لە هەموو بوارەكانی سەربازی و فكری و سیاسی و ئابووریدا.

بارزانی باسی لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و شكانی ئەفسانەی داعش و هەروەها ئەو تەحەدیاتە ئابووری و سەربازییانە كرد كە رووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە حكوومەتی عێراقی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و حەواندنەوەی ملیونێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی كوردستانی نەداوە.

لە درێژەی وتەكەیدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان باسی لە داواكارییە رەواكانی گەلی كوردستان كرد و ئەوەی دووپاتكردەوە كە ویست و داواكاریی گەلی كوردستان ئاشتیانەیە و ئەزموونیش سەلماندوویەتی كە هەرێمی كوردستان سەرچاوەی سەقامگیرییە نەك هەڕەشە بۆ ناوچەكە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە سرووشتی شەڕی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای شەڕی داعش و هەروەها بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كرا.

جێگەی ئاماژەپێدانه‌ لەم كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و سیاسییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.