له چاكسازییه‌كاندا زیاتر له (5) هه‌زار سزادراو هه‌ن
داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی چاكسازییه‌كان ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
بەهۆی زیادبوونی ماددەی هۆشبەر و تاوانی تیرۆر و کوشتن، گرتووخانەکانی هەرێمی کوردستان پڕبوون لە تۆمەتبار و تاوانبار، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان رایگه‌یاند، پێوستیمان بە چەند بینایەکی دیکەی چاکسازی هەیە، چونکە ئەو چاکسازییانەی هەرێمی کوردستان بۆ (900) کەس دروست کراون، بەڵام زۆر زیاتر لەو ژمارەیە، سزادراویان تێدایە.
لە هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی کێشان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و تیرۆر و حاڵەتەکانی کوشتن، چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان پربوونه لە سزادراو، چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەردەم چەند کێشەیه‌کدان، ديارترينيان شوێنى ئەو چاکسازییانەن، كه بۆ (900) کەس دروست کراون، بەڵام زیاتر لە (2) هەزار کەسی تێدایە، ئەندامێکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی له په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، دیاردەی کێشان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، وایکردوە چاکسازییەکان پڕبن لە سزادراو.
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمانی كوردستان گوتی: "هۆكاری قه‌ره‌باڵغی له ناو سزادراوانی چاكسازی، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و باڵه‌خانه‌ی پێشتر بۆ چاكسازییه‌كان درووستكراوه، بۆ (900) كه‌سه، شوێنی دیكه‌مان بۆ سزادراون نییه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، جه‌نجاڵییه‌كه به‌هۆی زۆری سزادراوانن به مادده‌ی هۆشبه‌ر، كه به "تیرۆری سپی" ناوه‌زه‌ند ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه مادده‌ی تیرۆریش ژماره‌یان زۆره".
هەرێمی کوردستان، (6) چاکسازی هەیە، زیاتر لە (5) هەزار کەسیش بە تاوانی جۆراوجۆر لەو چاکسازییانە سزادراون، بۆ ئەوەی ئەو فشارە لەسەر چاکسازییەکان نەمێنێت، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ژمارەیەک بینای تازە بۆ سزاداراوانی چاکسازی هەیە، بە تایبەت بۆ سزاداراوانی ئافرەتان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، (3) تاوان لە هەرێمی کوردستاندا زۆرە، بە تایبەت کێشان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.
ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك، كێشه‌ی باڵه‌خانه‌مان هه‌یه، به‌تایبه‌ت له چاكسازی ژنان و منداڵان، (5) هه‌زار و (115) سزادراومان له چاكسازییه‌كاندا هه‌یه،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌به‌ر مه‌ترسی ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆنا، هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت وایكردووه، هیچ كه‌س له‌و چاكسازییانه به كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستنه‌داوه".
پەرلەمان و بەڕێوبەرایەتی گشتی چاکسازییەکان، بەدوای چارەسەری کێشەی چاکسازییەکانن، بە تایبەت کەمکردنەوەی فشار لەسەر چاکسازییەکان، چونکە بەشێک لە کەیسەکان درەنگ یەکلايی دەکرێنەوە و تاوانەکانی کێشان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر زۆر زیادیکردووە، بەپێی یاساش بۆ لەمەودوا ئەو کەسانەی ماددەی هۆشبەر دەکێشن و ئەو کەسانەشى بازرگانی پێوە دەکەن، لە یەکتری جیادەکرێنەوە.
د.ی