وەزیری پەروەردە: بەم پلانە رێگە لە فەوتانی خوێندنی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو دەگرین
خوێندن کەی دەستپێدەکاتەوە و ئەمساڵ چۆن پرۆگرامەکان دەخوێنرێن؟

K24 - سلێمانی
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پلانی وەزارەتەکەی ئاشکرا کرد بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن و چۆنییەتی تەواوکردنی پرۆگرامەکان، هەروەها چۆن لە ساڵی خوێندنی 2021 بۆ 2022، یەک رۆژی خوێندن نافەوتێت، ئەگەر رەوشی کۆرۆنا بەمشێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28-1-2021) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی، رایگەیاند "سوپاس بۆ خوا ئامارەکان (ـی تایبەت بە کۆرۆنا) باشن.... ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بێت، پێشنیازمان لە وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە: ئەو وادەیەی دامانناوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن، پێشبخرێت".
پێشتر وەزارەتی پەروەردە بە رەچاوکردنی دۆخی پەتای کۆرۆنا، پێشنیازی کردبوو لە 1-3-2021 خوێندن دەستپێبکاتەوە.
ئالان حەمە سەعید دەڵێ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان کۆبوونەتەوە "بۆ ئەوەی بتوانین پرۆژەی خۆمان بۆ کۆبوونەوەی 2ـی 2 (ـی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا) ئامادە بکەین"
خوێندن چۆن قەرەبوو دەکەنەوە؟
بۆ ئەوەی کوالێتیی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دانەبەزێت، بۆ ئەوەش کە دەڵێن ئەو بابەتانە نەخوێنراون، وەزیری پەروەردە دەڵێ "بڕیارمان داوە خوێندنی ئەمساڵ بخەینە دوو ماوەی جیاوازەوە، وەرزی یەکەم لە 1ـی 3 دەستپێبکەینەوە، بەڵام ئەگەر لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کورۆنا بڕیارەکەی هێنایە پێش، ئەوکاتە رایدەگەیەنین لە چ کاتێکدایە بۆ ئەوەی پرۆگرامەکانی وەرزی یەکەم بەتەواوەتی بخوێندرێن".
وەزیری پەروەردە هەروەها ئاشکرای کرد "پرۆگرامی وەرزی دووەم لە مانگی 9 دەستپێدەکەینەوە، بە سوودوەرگرتن لە هەموو پشووەکان، جگە لە سێ رۆژی پشووی جەژنی نەورۆز و سێ رۆژی جەژنی رەمەزان".
خشتەی رۆژەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە لە 165 هەتاوەکو 180 رۆژ پێکدێت، بەگوێرەی پشووەکان.
بۆ ساڵی خوێندنی ئاییندەش واتا 2021 - 2022 وەزیری پەروەردە رایگەیاند "ئێمە پێشنیازی ئەوەمان کردووە لە 20ـی 12 دەستبکرێتەوە بە خوێندنی ساڵی ئاییندە، کە هەتاوەکو کۆتایی مانگی 6ـی ساڵی دواتر دەڕوات... بەمشێوەیە ساڵی خویندنی 2021 - 2022 نە هیچ زەرەرێکی لەسەر دەبێت، نە کەمدەبێتەوە، بەڵکو ئەوەی ئەژمارمان کردووە، 168 رۆژ دەوامی کردەییمان دەبێت بە سوودوەرگرتن لە دەوامکردن لە رۆژەکانی پشوو".
هـ.ر.