لەبارەی مۆڵەتی نوێی شوفێری زانیاری دەخرێتەڕوو
ھەندێك كەس لە لێخوڕینی تاكسی بێبەش دەكرێن

K24 – ھەولێر
وتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێر، رایگەیاند، لەمەودوا گۆڕانكاری دەبێت، لەنێوان مۆڵەتی لێخورینی گشتی و مۆڵەتی لێخورینی گشتی تاکسی، بەپێی بڕیاری نوێ ھەموو كەس ناتوانێت تاكسی لێبخوڕێت.
فازڵ حاجی، وتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێر ئاشكرای كرد: "لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری رێکخستنەوەی کاری تاکسی و لێدانی لۆگۆ لە تاکسیەکان بڕیاردرا کە شوفێری تاکسی وەکو پیشەیەکی تایبەت بناسێنرێت، بۆیە فەرمانبەر و کەسانی سلکی سەربازیی وهێزی ناوخۆ لێی بێبەشکران، بەپێی بڕیارەکە هەر کەسێک ببێت بەشوفێری تاکسی لە پاش تەواوکردنی رێکارەکانی لۆگۆ لێدان دەبێت مۆڵەتە گشتیەشی بگۆڕێت بۆ مۆڵەتی گشتی تایبەت بە تاکسی".
ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەو رێکاریە پرسیارێکی زۆر و دڵەراوکێی زۆری لای شوفێرانی تاکسی دروستکردووە، چونکە ئەوان واتێدەگەن کە مۆڵەتەکەیان گۆڕی بۆ مۆڵەتی تایبەت بە تاکسی لێخوڕین ئیتر ناتوانن بارهەڵگری گەورەی پێ لێبخورن. بۆیە ئێمە بە پێویستی دەزانین ئەو روونکردنەوەیە بدەین، هەر کەسێک مۆڵەتی گشتی تاکسی هەبێت بەو مۆڵەتە دەتوانێت هەموو جۆرە تاکسیەک و بارهەڵگریش لێبخورێت، هەروەها ئۆتۆمبێلی تایبەتیش لێبخوڕێت، بەڵام کەسێک کە مۆڵەتەکەی تەنها گشتی بێت بەو مۆڵەتە بۆی نییە تاکسی سالۆن لێبخورێت، بەڵام بۆی هەیە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و پاس و ئۆتۆمبێلی تایبەت لێبخوڕێت. واتا مۆڵەتی لێخوڕینی گشتی (تاکسی) باشتر و گشتگیرترە لە مۆڵەتی گشتی".
