نێچرڤان بارزانی: كوردستان خوزیارە كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ چارە بكات
"تیرۆر تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان هەڕەشە نییە"
K24 - ھەولێر
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان خوازیارە هەموو كێشە و گرفتەكانی بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ، ئیستڤان شمیچکۆ، وەزیری بەرگری هەنگاریا رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات".
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە: "پێشمەرگە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕ لە دژی تیرۆر دەكات، چونكە تیرۆر تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان هەڕەشە نییە، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هیواشی خواست هەنگاریا وەك ئەندامێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا داوای پشتگیریی زیاتر و بەردەوام بۆ هەرێمی كوردستان بكات".
وەزیری بەرگری ھەنگاریا لەو دیدارەدا جەختی لەوەكردەوە، وڵاتەكەی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی گشتی، بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر دەڕوانن كە بەردەوام سەركەوتن بەدەست دەهێنن و بە خوێنی خۆیان هەرێمی كوردستان و جیهان لە ترس و هەڕەشەكانی تیرۆر دەپارێزن.