جوتیارانی دەشتی ھەولێر چاوەڕێی بارانی بەھار دەكەن

"درەنگكەوتنی باران، كاریگەری كەمی بەرھەم لە دەشتی شەمامك و كەندێناوە و دیبەگە جێدەھێڵێت"

كه‌می باران بارین كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌می دانوێڵه‌ ده‌بێت
كه‌می باران بارین كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌می دانوێڵه‌ ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

بەھۆی كه‌می بارینی باران، گەشەی دەغڵودانی جوتیاران سستە، بەڵام ھێشتا جوتیارانی سنووری دەشتی ھەولێر ھیوایان ماوە و چاوەڕێی بارانی بەھارە دەكەن، بەگوێرەی راپۆرتەكان رێژەی باران بارینی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، زۆر کەمترە و تا ئێستاش نزیكەی (85) ملیم باریووە، بەڕێوەبەری توێژینەوەی كشتوكاڵی ھەولێریش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كەمی بارینی باران لە قۆناغەکان، کاریگەری لەسەر گەشەی دەغڵودان دەبێت.

غازی جەبار، جوتیارێكی دەشتی بەڕانەتییه‌، لە باوك و باپیرانی پیشەكەی بۆ ماوەتەوە، سەرەڕای كەمی بارینی باران بۆ وەرزی ئەمساڵی دەغڵودان، ھیوایەكی زۆری بە بارانی بەھار ھەیە، ئەم جوتیارە روونیكرده‌وه‌، دەستیان لە بارانی پایزە شوشتووەتەوە، چاوەڕێی بارانی مانگی ئادار و نیسان دەكەن.

لەھەندێك شوێنی سنووری ھەولێر، خاك پەڵەی داوە، بەم بڕە بارانەشی باریووە، (2) بست باڵای بە گەنمەكە داوە، بەڵام لەھەندێك شوێنیش ھێشتا زەوییەكە پێویستی بە ئاوە، عەبدولسەمەد محەمەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی كشتوكاڵی ھەولێر، لەبارەی كەمی باران و بەرھەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ ئاشكرای كرد، پێیوایە درەنگكەوتنی باران، كاریگەری كەمی بەرھەم لە دەشتی شەمامك و كەندێناوە و دیبەگە جێدەھێڵێت، بەڵام لەھەندێك شوێنیش كاریگەری لەسەر شینبوونی دانەوێڵە نەكردووە.

ئەمساڵ رێژەی باران بارین، بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بۆ نیوە كەمیكردووە، ساڵی رابردوو تا كۆتایی مانگی كانوونی دووەم، لە سنووری ھەولێر (186) ملیم باران باریبوو، بەڵام رێژەی باران بارین تا ئێستا نزیكەی (84) ملیم باریوە.

د.ی

Fly Erbil Advertisment