بارزانی: شەڕی ھەندرێن وەرچەرخانێك بوو لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

بە بۆنەی یادی شەڕی ھەندرێن مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، شەڕی ھەندرێن سەركەوتنێكی مەزن و وەرچەرخانێك بوو لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، سەركەوتنەكانی ئێستای هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرامبەر تیرۆریستان و ناحەزان درێژكراوەی هەمان قارەمانێتی و بەرخودانە كە پێشمەرگە لە قۆناغە جیاجیاكانی شۆڕش و خەباتدا نواندوویەتی.

لە پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "ئەم قارەمانێتییەی پێشمەرگە، پیلانی مەترسیداری دوژمنی دژ بە كوردستان شكست پێهێنا و سەركەوتنێكی مەزن و وەرچەرخانێك بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان كە كاریگەریی سیاسیی لەدوای خۆی بە جێهێڵا و زەمینەی بۆ ئاگربەس ڕەخساند".

لەو پەیامەدا بارزانی دەڵێ: "سەركەوتنەكانی ئێستای هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان و ناحەزان درێژكراوەی هەمان قارەمانێتی و بەرخودانە كە پێشمەرگە لە قۆناغە جیاجیاكانی شۆڕش و خەباتدا نواندوویەتی و دوژمن لە هەر بەرگ و ڕەنگێكدا بێت لە بەرانبەر ئازایەتیی پێشمەرگە چۆكدا دەدات".

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردسان

ئەمڕۆ یوبیلی زێڕینی شەڕی هەندرێنە و ڕۆژێكی مێژووییە لە گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلەكەمان. لە 12ـی ئایاری 1966ـدا هێزی پێشمەرگە سەركەوتنێكی پڕشنگداری بەسەر هێزی پڕچەكی زەمینی و ئاسمانیی دوژمن لە حەوزی ڕەواندوز تۆمار كرد. ئەو هێزی كە بۆ لە ناوبردنی سەركردایەتیی شۆڕش پەلاماری ناوچەكەی دابوو. لە شەڕێكی دە ڕۆژەدا لە چیای هەندرێن و زۆزك و كورەك و گەرووی عومەردئاغا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە بەشداریی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی بەیەكەوە، داستانێكی قارەمانانەیان تۆمار كرد و هێزی دوژمنیان لەبەریەك هەڵوەشاند. لەم شەڕەدا لیوای چواری جەبەلی و لیوای یەك و لیوای سێی سوپای دوژمن بە تەواوەتی تێكشكێندران.

ئەم قارەمانێتییەی پێشمەرگە، پیلانی مەترسیداری دوژمنی دژ بە كوردستان شكست پێهێنا و سەركەوتنێكی مەزن و وەرچەرخانێك بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان كە كاریگەریی سیاسیی لەدوای خۆی بە جێهێڵا و زەمینەی بۆ ئاگربەس ڕەخساند.

یادی ئەم داستانە بەرز ڕادەگرین كە لاپەڕەیەكی پڕشكۆی مێژووی گەلەكەمانە. لە یادی پەنجاساڵەی داستانی هەندرێن سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو داستانە كە خوێنی پاكیان شاخەكانی ڕەنگین كرد و هەردەم وەك ئەستێرەی گەش لە ئاسمانی خەباتی گەلی كوردستان لەپێناو ئازادیدا دەمێننەوە. سڵاو لە گیانی پاكی ئەو پێشمەرگە ئازا و خەباتگێڕانە كە بەشداری ئەو داستانە بوونە و ئێستا لەناوماندا نەماون و دەستی ئەو پێشمەرگە سەربەرزانەی داستانی هەندرێن دەگوشم كە هێشتا لە ژیاندا ماون و هەر بمێنن بۆ كورد و كوردستان. سەركەوتنەكانی ئێستای هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان و ناحەزان درێژكراوەی هەمان قارەمانێتی و بەرخودانە كە پێشمەرگە لە قۆناغە جیاجیاكانی شۆڕش و خەباتدا نواندوویەتی و دوژمن لە هەر بەرگ و ڕەنگێكدا بێت لە بەرانبەر ئازایەتیی پێشمەرگە چۆكدا دەدات.

 

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

12ـی ئایاری 2016