نەبەز عەبدولحەمید: شوێن هەبووە لە هەولێر یەک نسکافێی بە 15 دۆلار فرۆشتووە
قایمقامی هەولێر لەبارەی گرانیی نرخ، نەبوونی لیستی خۆراک بە زمانی کوردی لە رێستۆرانت و کافێکان، قسە بۆ کوردستان24 دەکات

K24 - هەولێر
گرانیی نرخ، نەبوونی زمانی کوردی لەسەر لیستی خۆراکی رێستۆرانتەکان و تەنانەت هەندێکجار نەبوونی کارمەندی کورد لە رێستۆرانتەکان، وایانکردووە لە هەولێر دەنگی ناڕەزایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرزببێتەوە، بۆیە قایمقامییەتی هەولێر جگە لە داخستنی دوو رێستۆرانت، بەدواداچوونیش دەکات بۆ جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی پەیوەست بەو بابەتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئەمڕۆ (سێشەممە، 2ـی شوبات/ فێبرایەرـی 2021 ) لەبارەی ئەو سێ تەوەرە قسەی بۆ کوردستان24 کرد.
قایمقامی هەولێر دەڵێ "بابەتی نرخ لە هەموو جیهان وایە: چەند جۆرە چێشتخانە و رێستۆرانت هەن، هەریەکەیان نرخێکن، رەنگە هەمان خۆراک لە شوێنێکی میللـی، بە نرخێکی هەرزان و لە شوێنێکی گەشتیاری بە نرخێکی گرانتر بێت، ناتوانین لەسەر خەڵک فەرزی بکەین کە هەر دەبێت ئەو خۆراکە دیاریکراوە، بەو نرخە بێت".
ئەوەی ببووە مایەی ناڕەزایی خەڵک، گرانیی لەرادەبەدەری نرخەکان بوو لە هەندێک رێستۆرانت، لەمبارەیەوە قایمقامی هەولێر دەڵێ "تیبینیمان کرد لە هەندێک شوێن ئیستغلالکردن هەیە، ئەمەش بووەتە جێگەی ناڕەزایی و گلەیی هاووڵاتییان، ئێمەش لەسەرمانە بەدواداچوون بکەین".
بەگشتی دوو جۆر مۆڵەت هەن: هەندێک رێستۆرانت، کافێ و چایخانە سیفەتی میللیان هەیە و لە لایەن لیژنەکانی قایمقامییەت مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەشیانە شوێنی گەشتیارین و لەلایەن لیژنەکانی قایمقامییەت و گەشتوگوزار ئەستێرەیان پێدەدرێت، لە یەک ئەستێرە بۆ پێنج ئەستێرە.
لە هەولێر لە ماوەی رابردوودا دوو شوێن داخراون، نەبەز عەبدولحەمید دەڵێ "نرخەکانیان لە سنووری نامەعقوولیش دەرچووبوو و زۆر گران بوو، یەک لەو شوێنانە یەک نسکافێی بە 15 بۆ 16 دۆلار دابوو".
ئەو دوو شوێنەی قامقامی هەولێر باسیان دەکات، "پێشتریش ئاگادارکراونەتەوە بەهۆی گرانیی نرخەکانیان".
زمانی کوردی لەسەر لیستەکانی خۆراک
قایمقامی هەولێر باسی لەوەش کرد رێستۆرانت و کافێکانیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی دەبێت زمانی کوردی لەسەر لیستەی خۆراکیان بنووسن، "بە هیچ پێوەرێک لە هەولێر، کە پایتەختی کوردستانە، نابێت رێستۆرانتێک ئەگەر براندیش بێت، مینوەکەی زمانی کوردی تێدا نەبێ".
دەبێت 30٪ـی کارمەندان کورد بن
وەزارەتی گەشتوگوزار پێشتر بڕیاری دابوو رێستۆرانت و کافێکان بەلایەنی کەمەوە 30٪ـی کارمەندەکانیان کورد بن.
لەمبارەیەوە قایمقامی هەولێر جەختی کردەوە "ئەمەش یەکێک لە خاڵەکانە و خاوەنی ئەو شوێنانە ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت کارمەندی کورد ئیشی پێبکرێت"، دەشڵێت "شوێن هەبووە یەک کارمەندیشی کورد نەبووە و، زمانی کوردیشیان نەزانیوە... ئەمە خاڵێکە ئێمە جەختی لەسەر دەکەینەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
هـ.ر.