كاریگەرییەكانی كۆرۆنا بەسەر كەرتی فڕۆكەوانی تاوەكو 2024 بەردەوام ده‌بێت

زیانەكانی كەرتی گەشتیاری (1.3) ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاند

به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ كه‌رتی فڕۆكه‌وانی زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌
به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ كه‌رتی فڕۆكه‌وانی زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌

K24 - هه‌ولێر:

كەرتی فڕۆكەوانی، تادێت زیانەكانی زیاتر دەبن و داخرانی بازاڕ و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانیش لە ھەندێ وڵات، زیانەكانی زیاتركردووە، رێكخراوی نێودەوڵەتی فڕۆكەوانی رایگەیاند، كاریگەریی زیانەكانی كۆرۆنا تاوەكو ساڵی  (2024) بەسەر كەرتی فڕۆكەوانی جیھاندا دەمێننەوە.

كەرتی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە جیھان گەورەترین زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەركەوتووە، رێكخراوی یەكێتی فڕۆكەوانی جیھانی، كه‌ به‌ "ئیاتا" ناسراوه‌، پێشبینی دەكات، كاریگەرییە نەرێنییەكانی كۆرۆنا تاوەكو ساڵی (2024) بەسەر كەرتی فڕۆكەوانی جیھاندا بمێنێتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەكانی "ئیاتا"، قەبارەی زیانەكانی كەرتی فڕۆكەوانی لە جیھان، لە ساڵی (2020) زیاتر لە (118) ملیار و (500) ملیۆن دۆلاری بووە و پێشبینیش دەكرێت بەھۆی گەڕانەوەی جووڵەی گەشتیاری و فڕۆكەوانی لەماوەی ئەمساڵدا زیانەكان بۆ (38) ملیار دۆلار كەمببنەوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا ھێشتا مەترسییەكی جدییە لەسەر كەرتی فڕۆكەوانی جیھان و بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی گەشتەكانیان راگرتووە، دامەزراوە داراییەكانی جیھان، پێشبینی ئه‌وه‌ دەكەن، بۆ ئەمساڵیش زیان و كاریگەرییه‌ نەرێنییەكانی بەسەر بازاڕەكانی جیھاندا بمێنێتەوە، داھاتەكان كەم  و زیانەكانیش زیاتر بن.

رێكخراوە فڕۆكەوانییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاستی داواكاری لەسەر كاڵا لە رێگەی كارگۆوه‌، لە ماوەی ساڵی (2020) بە رێژەی (10.6%) كەمیكردووە، ئەمەش كەمترین ئاستە لە ماوەی (30) ساڵی رابردوودا، ھۆكاری سەرەكی ئەو دابەزینە كاریگەریی داخرانی بازاڕەكان و سستبوونەوەی جووڵەی بازرگانییەكانە.

بەگوێرەی ئامارەكانی رێخكراوی گەشتیاری جیھانی، زیانەكانی كۆرۆنا بۆسەر كەرتی گەشتیاری جیھان، ترلیۆنێك و (300) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەم زیانەش (11) ھێندە بەرامبەرە بە قەیرانە ئابووریەكەی جیھان لە (2009)دا.

بەر لە كۆرۆنا، ساڵانە كەرتی فڕۆكەوانی، گەشتی بە (4) ملیار و (300) ملیۆن گەشتیار دەكرد، به‌ڵام ئه‌م رێژه‌یه‌ زۆر دابه‌زیوه‌.

د.ی