مامۆستایەک لە شەقڵاوە لەکاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان گیانی لەدەستدا
K24 - هەولێر
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دهوامی قوتابخانەكان، ئەمڕۆ لە شەقڵاوە یاریدەدەری بەڕێوەبەرێک بە تەزووی کارەبا لەسەربانی قوتابخانە گیانی لەدەستدا.
دڵدار حەسەن، ئامۆزای ئەو مامۆستایەیە بە کوردستان24ـی راگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ مامۆستا ئیبراهیم سەباح لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دهوامی خوێندن، چووەتە سەربانی قوتابخانە بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان بگۆڕێت، چونکە ماوەیەکە کە دەوام نییە، ئاڵاکە کۆن بووە، بەڵام لەگەڵ بەرزکردنەوەی ستوونی ئاڵاکە، ستوونەکە بەر کێبڵی کارەبا کەوتووە و بەو هۆیەوە تەزووی کارەبا لێیداوە و گیانی لەدەستدا".
مامۆستا ئیبراهیم لەدایکبووی ساڵی 1981ـە، خەڵکی شەقڵاوەیە، خێزاندار بوو و باوکی دوو منداڵە. ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە مامۆستایە و لە قوتابخانەی سۆرکی بنەڕەتی یاریدەدەری بەڕێوەبەر بووە.
بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی مامۆستا سەباح لە گۆڕستانی زەیتوون لە زێدی خۆی، لە شەقڵاوە بەخاک بسپێردرێت.