شرۆڤه‌.. ئێران شه‌ڕى توركيا به‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كات و ده‌يه‌وێت هه‌رێمى كوردستان دابه‌شبكات

حكومه‌تى ئێران داواكارييه‌كانى كورد فه‌رامۆشده‌كات و رێڕه‌وێكى درێژى له‌ سه‌ركوتكردن و كوشتن و ده‌ربه‌ده‌ركردنيانى گرتووه‌ته‌ به‌ر.

 

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ئێراندا، دووه‌م گه‌وره‌ترين پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌يى كورده‌، كه‌ هێشتا له‌ ره‌وشێكى خراپدا له‌ سايه‌ى كۆمارى ئيسلاميدا ژيان به‌سه‌ر ده‌بن. حكومه‌تى ئێران داواكارييه‌كانى كورد فه‌رامۆشده‌كات و رێڕه‌وێكى درێژى له‌ سه‌ركوتكردن و كوشتن و ده‌ربه‌ده‌ركردنيانى گرتووه‌ته‌ به‌ر.

ئێران به‌ گوێره‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆى هه‌ڵوێستى له‌گه‌ڵ كوردى پارچه‌كانى ديكه‌ى كوردستاندا ده‌گۆڕێت.

كورد له‌ سووريا و عێراق و توركيا به‌ گۆڕانى گه‌وره‌ و هه‌لومه‌رجى تايبه‌تييدا تێپه‌ڕييون. كه‌ له‌ هه‌ندێكياندا هه‌ڵوێستى ئێران ته‌با و ساز بووه‌ له‌گه‌ڵياندا.

ئێران به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك ره‌تيده‌كاته‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان "باكوورى عێراق" ببێته‌ خاوه‌نى سه‌روه‌رى خۆى، پشتيوانى به‌رهه‌ڵستكارانێكيش ده‌كات كه‌ له‌ هه‌رێم جياببنه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ هيچ مافێكى سه‌ره‌تايى به‌ كورده‌كانى ناو ئێران ره‌وا نابينێت و تا راده‌يه‌كيش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دايه‌ كورده‌كانى سووريا جۆره‌ جيابوونه‌وه‌يه‌كيان هه‌بێت. له‌ توركياشدا پشتيوانى له‌ پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌كات و به‌ پاره‌ و چه‌ك هاوكارى ده‌كات.

كورد له‌ ناو ئێراندا

رێژه‌ى كورد له‌ ئێراندا ده‌گاته‌ له‌ سه‌دا 10ى دانيشتوانى ئێران. ژماره‌يان به‌ زياتر له‌ 10 مليۆن كه‌س له‌ كۆى 75 مليۆن ژماره‌ى دانيشتوانى ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت و زۆربه‌يان كه‌وتوونه‌ته‌ پارێزگاكانى كوردستان، كرمانشان، ئيلام و ئازربايجانى خۆرئاوا.

ديارترين وێستگه‌ى ململانێى نێوان كورد و حكومه‌تى تاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 1946 ئه‌و كاته‌ى كورد له‌و به‌شه‌ى خاكه‌كه‌يدا كۆمارى مهابادى ميلى و ديموكراتى راگه‌ياند. له‌سه‌ر رووبه‌رى له‌سه‌دا 30ى رووبه‌رى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بانگى سه‌ربه‌خۆى رادێرا. به‌ڵام هێنده‌ى نه‌برد له‌ سه‌رده‌مى محه‌ممه‌د ره‌زا شاى په‌هله‌ويدا هێرشى كرايه‌ سه‌ر و ئه‌و كۆماره‌ له‌ناوبرا.

ناكۆكى نێوان كورد و حكومه‌تى تاران تا 1979 و واده‌ى هاتنه‌ سه‌ركارى كۆمارى ئيسلامى ئێران دێژه‌ى كێشا.

دواى شۆڕش سه‌ركوتكردنى كورد ده‌ستيپێكرده‌وه‌. به‌تايبه‌تى سه‌ركوتكردنى ئه‌و حزبه‌ كوردييانه‌ى ده‌ستووره‌ نوێيه‌كه‌ى ئێرانيان قبوڵنه‌كرد. خومه‌ينى كه‌ دامه‌زرێنه‌ر و رابه‌رى كۆماره‌ نوێيه‌ ئيسلامييه‌كه‌ى ئێران بوو، له‌ فه‌توايه‌كدا كورده‌كانى به‌ كافر له‌قه‌ڵه‌مدا. حكومه‌تى ئێران به‌وه‌نده‌ نه‌وه‌ستا و ده‌ستيكرد به‌ سه‌ركوتكردنى كورده‌كان و بۆردومانكردنى شاره‌ كوردييه‌كان به‌ فڕۆكه‌.

ئه‌و هه‌نگاوانه‌، لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى ناچار كرد، بانگه‌وازى شۆڕشى چه‌كدارى رابگه‌يه‌نن. له‌ 1979 تا 1988 شه‌ڕ درێژه‌ى كێشا و به‌ هه‌زاران هاووڵاتى كورد گيانيان له‌ده‌ستدا.

هاوكات ئێران ده‌ستيكرد به‌ تيرۆركردن و پاكتاوكردنى سه‌ركرده‌كانى كورد و داپلۆسينى سياسى و رێگرتن له‌ به‌شدارى سياسى كورده‌كان و هه‌موو چالاكييه‌كى سياسى لێ قه‌ده‌غه‌ كردن.

پێكهاته‌ى كورد له‌ ئێراندا كه‌ هاوكات به‌ ئاينزا په‌يڕه‌وى له‌ ئاينزاى سوننه‌ ده‌كات، جێى نيگه‌رانى و نه‌يارێتى كۆمارى ئيسلامييه‌. خوێندن به‌ زمانى كورديى قه‌ده‌غه‌يه‌. جارێك به‌ هۆى سوننه‌بوونيان و جارێكيش به‌ هۆى كورد بوونيانه‌وه‌ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و ده‌ستگيرده‌كرێن و چالاكانيان له‌ كونجى زيندانه‌كان ده‌ئاخێنرێن.

له‌ باره‌ى گوزه‌رانيشه‌وه‌، كورد له‌ ئێران دووچارى خراپى ره‌وشى ئابوورى بوونه‌ته‌وه‌ و ناوچه‌كانيان به‌رچاوترين ناوچه‌ى هه‌ژارنشينن و كه‌مترين خزمه‌تگوزارييان بۆ دابينكراوه‌.

له‌ ئايارى رابردوودا، كوژرانى ژنێكى كورد به‌ ناوى فه‌ريناز خوسره‌وانى، كه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌وڵدان بۆ ده‌ستدرێژى سێكسى په‌ناى بۆ خۆكوشتن بردبوو، بووه‌ هۆى روودانى پشێوى له‌ شارى مهاباد. هه‌رچه‌نده‌ رووداوه‌كان پاڵنه‌رى سياسييان له‌ پشته‌وه‌ نه‌بوو، وه‌ك كرده‌وه‌ى وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خۆڕسكانه‌ هاتبوونه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام زامى خۆيان له‌ جه‌سته‌ى كۆمارى ئيسلامييدا درووستكرد. به‌ جۆرێك له‌ ناو كورده‌كانى عێراق و سووريا و توركياشدا پشتيوانييان لێكرا. ئه‌مه‌ش واى له‌ رژێمى ئێران كرد به‌ توندتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستاندا بكات و رێگه‌ نه‌دات ئه‌و رووداوانه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵى ده‌ربچن.

حزبى ديموكرات گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شه‌ڕ

ئه‌گه‌ر چى حزبى ديموكراتى كوردستانى ئێران له‌ 1945 دامه‌زراوه‌ و شه‌ڕى له‌ دژى ئێران راگه‌ياندبوو، به‌ڵام گرنگترين وێستگه‌ى شه‌ڕى ئه‌و حزبه‌ له‌گه‌ڵ ئێران كه‌وته‌ دواى راگه‌ياندنى كۆمارى ئيسلامى و به‌ كافر ناساندنى كورد له‌و وڵاته‌دا.

په‌لامارى كوشتن و راوه‌دوونان و تيرۆركردنى كه‌سايه‌تييه‌كانى حزبى ديموكرات، وايكرد، خه‌ڵكى كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و كوردستانى عێراق ره‌و بكه‌ن. ئه‌و حزبه‌ له‌ 1995 ناچار بوو له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتييدا بوون پاشه‌كشێ بكات و ده‌ستبه‌ردارى شه‌ڕى چه‌كدارى ببێت. به‌ڵام له‌ 20ى ئازار/ مارسى رابردوودا، واته‌ دواى نزيكه‌ى 23 ساڵ له‌ قۆناغى سڕبوون و وه‌ستاندنى شه‌ڕى چه‌كدارى بڕياريدا دووباره‌ ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ شه‌ڕ. ئه‌و بڕياره‌شى له‌ سه‌روبه‌ندى هه‌ڵكردنى ئاگرى نه‌ورۆزدا دا و هێزى نارده‌وه‌ بۆ سه‌ر سنووره‌كان.

ئه‌و بڕياره‌ دواى ئه‌وه‌ش هات كه‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوو، ئه‌ندامانى ئه‌و حزبه‌ چالاكييان له‌ ناو ئێراندا ئه‌نجام ده‌دا. حزبه‌كه‌ توانى له‌ ناوچه‌كانى باكوورى خۆرئاواى ئێران به‌ گشتيى تۆڕێكى چالاكى كاديران درووستبكات و ده‌ست به‌ چالاكى بكات.

به‌ گوێره‌ى زانيارى به‌رپرسانى حزبه‌كه‌، تا دێت ئه‌نداميان له‌ ناو رۆژهه‌ڵاتى كوردستاندا زياتر ده‌بێت.

شيكه‌ره‌وانى سياسى له‌و بڕوايه‌دان، چالاكييه‌كانى كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتدا په‌يوه‌نديدارن به‌و پێشهاته‌ خێرايانه‌ى ره‌وشى كورد له‌ سووريا رووده‌ده‌ن. به‌ تايبه‌تى به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ناوچه‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى له‌ سووريا دامه‌زراوون و به‌م دواييانه‌ش جاڕى سيستمى فيدراڵييان بۆ رۆژئاواى كوردستان دا. هه‌روه‌ها پێشهاتێكى گرنگتر له‌ ناوچه‌كه‌ هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ويش پرسى ئه‌نجامدانى راپرسييه‌ له‌ باره‌ى سه‌ربه‌خۆى كوردستانه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى ميدڵ ئێست ئه‌ى، له‌ راپۆرتێكدا جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ داپڵۆسينى ده‌وڵه‌ت، نه‌بوونى ده‌رفه‌ت، ريزه‌كانى ئه‌و حزبه‌ كۆنه‌ى به‌ خوێنى نوێ و گه‌نجان پۆشته‌ كردووه‌ته‌وه‌.

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شه‌ڕى چه‌كدارى بڕيارێكى ستراتيژى سه‌ركرده‌كانى ئه‌و حزبه‌يه‌ كه‌ له‌ پێودانگى هه‌ڵسه‌نگاندنى وردى هه‌لومه‌رجى نوێى ناوچه‌كه‌ ده‌ريانكردووه‌. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى كاوه‌ جوانمه‌ر، ئه‌ندامى ليژنه‌ى ناوه‌ندى ئه‌و حزبه‌ باسيكرد.

له‌ 5ى ئايار/ مايۆى 2016دا حزبى ديموكرات رايگه‌ياند، 10 سه‌ربازى ئێرانى كوژراوون و 20ى ديكه‌ش بريندار بوونه‌ له‌ ئاكامى پێكدادانێكى چه‌كدارى كه‌ له‌ ناوچه‌يه‌كى ده‌وروبه‌رى شارى سه‌رده‌شتى سه‌ر به‌ پارێزگاى ئازه‌ربايجانى خۆرئاوا روويداوه‌.

ئێران پشتيوانى كوردى سووريا ده‌كات.. به‌ڵام

هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووى ژماره‌وه‌ كورد له‌ سووريا كه‌متره‌ له‌ چاو ئێراندا، به‌ڵام هاوپه‌يمانێتى ئێران  و ئه‌سه‌د سه‌رى بۆ ئه‌وه‌ كێشاوه‌ ئێران له‌ كورده‌كان نزيك ببێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش زۆرتر دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ رووسيا ده‌ستى له‌ كاروبارى سووريا وه‌ردا و رووسيا ده‌ستيى به‌ درووستكردنى په‌يوه‌ندى كرد له‌گه‌ڵ كورددا.

ئێران به‌ دوورى نازانێت رووسيا كورده‌كان به‌ ئاراسته‌ى سه‌ربه‌خۆى و جيابوونه‌وه‌ له‌ سووريا هانبدات. بۆ ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆى له‌ داهاتووى سووريادا مسۆگه‌ر بكات. به‌ تايبه‌تى له‌ سايه‌ى ئه‌و تێگه‌يشتنه‌ هاوبه‌شه‌ى له‌ نێوان رووسيا و ئه‌مريكا له‌ باره‌ى داهاتووى سوورياوه‌ درووستبووه‌. ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ره‌وشى ناوخۆيى ئێران درووستده‌كات. چونكه‌ سه‌ربه‌خۆيى كورده‌كانى سووريا هانى كورده‌كانى ئێرانيش ده‌دات به‌ خۆ بكه‌ون و په‌له‌ بكه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆبوونيان.

سايتى فه‌رداى ئێرانى بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، دواى بنياتنانى بنكه‌ى سه‌ربازى رووسيا له‌ ناوچه‌ كوردييه‌كانى سووريادا، هه‌روه‌ها راگه‌يه‌ندراوى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا جۆن كيرى به‌وه‌ى له‌ كۆتايى 2016دا به‌ته‌واوى به‌سه‌ر داعشدا سه‌رده‌كه‌ون و كۆتايى به‌ داعش ده‌هێنرێت، بێگومان كێبڕكێيه‌ك له‌ نێوان رووسيا و ئه‌مريكا درووستبووه‌ بۆ پشتيوانيكردن له‌ كورده‌كان و دامه‌زراندنى هه‌رێمێكى تايبه‌ت بۆيان.

ئه‌و مه‌ترسييانه‌ پاڵى به‌ ئێرانه‌وه‌ ناوه‌، ئه‌ويش له‌ لايه‌ن خۆيه‌وه‌ پشتيوانى له‌ كورده‌كانى سووريا بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆى له‌سه‌ر خاكى سووريا بپارێزێت.

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرييه‌كانى بريتانيا و توركيا پێشتر هه‌واڵى ئه‌وه‌يان بڵاوكردبوويه‌وه‌، كه‌ ئێران و رووسيا و سووريا هاوكارى هێزه‌ كوردييه‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش وايكردووه‌ كورده‌كان له‌ بۆردومانى ئێران و رووسيا و سووريا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانيان پارێزراو بن.

رۆژنامه‌ى سه‌باحى توركيا بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتيوانيكردنى لۆجستيى و ماڵى بۆ پارتى يه‌كێتى ديموكراتيى كورديى كه‌ به‌ په‌يه‌ده‌ ناسراوه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا فه‌رمانده‌يه‌كى پاسدارانى ئێران به‌ ناوى جه‌واد چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ سيپان حه‌مۆ فه‌رمانده‌ى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل ناسراو به‌ يه‌په‌گه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌.

په‌يه‌ده‌ به‌ درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمار ده‌كرێت و توركيا له‌و چوارچێوه‌يه‌دا دژايه‌تى ئه‌و هێزه‌ كوردييه‌ ده‌كات.

سه‌باح نووسيويه‌تى: ئێران به‌ به‌هاى 3.5 مليۆن دۆلار مووشه‌ك و چه‌كى بۆ هێزه‌ كوردييه‌كانى سووريا دابينكردووه‌، كه‌ ناوچه‌كانيان له‌ به‌رامبه‌ر شاڵاو و په‌لاماره‌كانى داعش ده‌پارێزن و رێگه‌ ناده‌ن ميليشيا ئيسلامييه‌ توندڕه‌وه‌كانى سه‌ر به‌ قاعيده‌ و توركيا ناوچه‌كانيان داگير بكه‌ن.

ئێران پشتيوانى په‌كه‌كه‌ ده‌كات

له‌م ساڵانه‌ى دواييدا كورده‌كانى توركيا چانسى ئه‌وه‌يان ده‌ستكه‌وتووه‌، ئێران بايه‌خيان پێده‌دات. رێك به‌ پێچه‌وانه‌ى كورده‌كانى ئێرانه‌وه‌، مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

ئاماژه‌كانى په‌يوه‌ندى نێوان ئێران و په‌كه‌كه‌ به‌ روونى ده‌ركه‌وتوون.

زۆر ده‌ستكه‌وت هه‌ن كه‌ پاڵ به‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌نێن له‌ به‌رامبه‌ر توركياى نه‌ياريدا پشتيوانى له‌ كورده‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بكات. ده‌ستكه‌وتى ئيستراتيژى و ته‌كتيكين.

يه‌كه‌ميان: به‌كارهێنانى كورده‌كانه‌ وه‌ك ئامرازێك له‌ شه‌ڕى خۆى له‌ دژى توركيا. ئێران ده‌يه‌وێت كورده‌كانى توركيا وه‌ك به‌ڵايه‌ك به‌ گه‌ردنى توركياوه‌ بن. توركياش به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك كه‌وتووه‌ته‌ دژايه‌تى خواستى كورده‌كان و ته‌نانه‌ت له‌ ناو سوورياشدا دژايه‌تيان ده‌كات و رێگرى له‌ سه‌ربه‌خۆبوونيان ده‌كات.

ئه‌نجامدانى ژماره‌يه‌ك چالاكى له‌ ناو توركيا له‌ لايه‌ن پارتى كرێكارانى كوردستانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وايه‌ بانگهێشتى ئێران بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى توركيا رووبه‌ڕووى تارماييه‌كى بێ ئامان بكاته‌وه‌، خراپتر له‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌يه‌وێت لێى رزگار بێت.

مايكل تانخوم، شاره‌زايه‌كى ئيسرائيلييه‌ و ئه‌و له‌ وتارێكيدا كه‌ له‌ گۆڤارى فورين ئه‌فێرز بڵاويكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: ناوچه‌ كوردييه‌كان روبعێكى توركيا پێكده‌هێنن و هه‌ماهه‌نگى ئێران و لايه‌نى كورديى هه‌ژموونى ئێران به‌سه‌ر توركيا و ناوچه‌ كوردستانييه‌كانيدا زاڵ ده‌كات. ئه‌و ناوچه‌يه‌ش ناتوانرێت به‌ كه‌م سه‌يرى بكرێت.

پشتيوانى جيابوونه‌وه‌ له‌ ناو كورده‌كانى عێراقدا ده‌كات

له‌ ئايارى رابردوودا، به‌ تايبه‌تى دواى رووداوه‌كانى مهاباد، ژماره‌يه‌ك له‌ هاووڵاتييانى كورد له‌ ئێرانه‌وه‌ رايانكرد و روويان له‌ هه‌رێمى كوردستانى عێراق كرد.

ئه‌وان به‌ خێرايى له‌ ژێر سايه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانى په‌نا دران. ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ بارزانى رايگه‌ياندووه‌، ده‌رگاى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌يه‌ بۆ كورده‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى ئێران به‌ تايبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌ سته‌مى رژێمى ئێران راده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ يه‌كه‌مجار نييه‌ هه‌رێم باوه‌ش بۆ كورده‌ نه‌ياره‌كانى ئێران ده‌كاته‌وه‌. پێشتريش له‌ سه‌روبه‌ندى شه‌ڕى كه‌نداودا 1980 -1988 به‌ هۆى پشتيوانى عێراق له‌ به‌رهه‌ڵستكارانى ئێران، ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى كورده‌كان روويان له‌ عێراق كردبوو.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ ده‌كرێت بوترێت په‌يوه‌ندى نێوان ئێران و كورده‌كانى عێراق له‌ هه‌ڵكشان و داكشاندا بووه‌. ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى چه‌ند نزيك و دوورن له‌ ئێرانه‌وه‌ بڕيارى له‌سه‌ر دراووه‌. له‌ كاتێكدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران به‌ پارتى ديموكراتى كوردستانه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ى كاتدا به‌ هه‌ڵه‌تێگه‌يشتنى تێدا بووه‌، كه‌چى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له‌ زۆربه‌ى كاته‌كاندا به‌تين و پته‌و بووه‌.

ئه‌مڕۆ سه‌ركرده‌كانى هه‌رێمى كوردستانى عێراق، حكومه‌تى ئێران به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ ئێران سه‌رقاڵى كورد به‌ شه‌ڕى داعشه‌وه‌ ئيستغلال ده‌كات و پشتيوانى سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى خۆيان له‌ هه‌رێمى كوردستان جيابكه‌نه‌وه‌ و ئێران پلانى ئه‌وه‌ى هه‌يه‌ كه‌ هه‌رێمه‌كه‌ى بارزانى دابه‌شبكات كه‌ له‌ 2005ه‌وه‌ سه‌رۆكايه‌تى ده‌كات و روانگه‌ى بۆ سبه‌ى هه‌يه‌ و ده‌يه‌وێت ده‌وڵه‌تێكى كوردى له‌ باشوورى كوردستان رابگه‌يه‌نێت، ئه‌وه‌ش ئێران به‌ شێوه‌يه‌كى گشتيى ره‌تيده‌كاته‌وه‌ ، وه‌ك سه‌رچاوه‌كانى پارتى ديموكراتى كوردستان ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، ئێران ده‌يه‌وێت سلێمانى له‌ هه‌رێمى كوردستان داببڕێت.

سه‌رچاوه‌: ساسه‌ پۆست

و: ئ.هـ