هاوپەیمانی نێودەوڵەتی باس لە هۆکاری بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات
کۆنگرێسی ئەمەریکا ئاگادار دەکاتەوە
.jpg)
K24- هەولێر:
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت؛ جووڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان زیادیکردووە و هۆکارەکەشی دەخاتەڕوو.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی سێ مانگەیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا باسی لە کەمی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کردووە و نووسیویەتی؛ سەرەڕای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەبووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی خوازراو لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
لە راپۆرتەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا هاتووە؛ چواردە لیوای پێشمەرگە بەردەوام چاودێری جمووجۆڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکەن کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانە ئەنجام نادەن؛ ئەمەش وەک یەکێک لە هۆکارەکانی بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەزانێت.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی باسی لە هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، جۆرێک لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک هەبووە.
لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کشانەوە، ئەمەش وایکردووە بۆشایی ئەمنی دروست ببێت؛ لە هەندێک ناوچەش، فشار لە کوردی دانیشتووی ناوچەکە دەکرێت، شوێنەکانیان جێبهێڵن.