بە تەمەنترین کەسی ئەوروپا بەسەر کۆرۆنادا زاڵ بوو
لە نەخۆشییەکە نەترساوە و بەردەوام نزای کردووە

K24- هەولێر:
خانمێکی فەرەنسی بە ناوی لوسیل راندۆن، تەمەن 116 ساڵ، بە تەواوی بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا زاڵ بوو.
ئەو خاتوونە لە کلێسایەک کار دەکات و دووەم بەتەمەنترین مرۆڤە لەسەر زەوی و بە تەمەنترینە لە ئەوروپا.
ناوەڕاستی کانوونی دووەم/ یەنایەری ئەمساڵ، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، دوای تەنها سێ هەفتە پشکنینی بۆ کرا و چاکبوونەوەی راگەیەندرا.
خاتوو راندۆن ئەم پێنجشەممەیە دەبێتە 117 ساڵ و نیازی هەیە ئاهەنگێکی تایبەت ساز بکات، لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی ڤار مارتنی فەرەنسی رایگەیاندووە، من تەنها هەستیشم بەوە نەکرد کۆرۆنام هەیە.
پزیشکەکەی دەڵێت، خاتوو راندۆن بەردەوام نزای بۆ نەخۆشەکانی دیکە کردووە و لە تەندروستی ئەوانی پرسیووە و خۆی هیچ ترسێکی نەبووە.
لە شاری تۆلۆن لە فەرەنسا کە لوسیل راندۆن تێیدا دەژی، لە یەک مانگدا، لە کۆی 88 تووشبوو، 10 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام خاتوو راندۆن ئێستا بە تەواوی چاکبووەتەوە و دەستی بە کارەکانی لە کلێساکەی کردووەتەوە.