ھۆكاری شەڕەكەی بازگەی تاسلوجە ئاشكرا دەكرێت
"بە چەقۆ ھێرشكراوەتە سەر كارمەندانی ئاسایش"
K24 – سلێمانی
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەڕ لەنێوان كارمەندانی ئاسایشی سلێمانی و ھێزێكی پێشمەرگە لە بازگەی تاسلوجە روویدا و كارمەندێك ئاسایش گیانی لەدەستدا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند "لەكاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێكی سەر بە ھێزەكانی پێشمەرگە بووەتە دەمەقاڵە لەنێوانیان و بە چەقۆ ھێرشكراوەتە سەر كارمەندانی ئاسایش".
لە روونكردنەوەیەكدا ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 10/2/2021 لە بازگەی تاسلوجە لەكاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێكی سەر بە ھێزەكانی پێشمەرگە لەنێوان پێشمەرگە و كارمەندانی بازگەكە لێكتێنەگەیشتنێك روویداوە، لە ئەنجامدا بووەتە دەماقاڵە و شەڕ لەلایەن پێشمەرگەكانەوە بە چەقۆ ھێرش كراوەتە سەر چەند كارمەندێك ئاسایش و بریندار كراون، بەداخەوە عەریف/ شاخەوان ئەحمەد مەحموود كارمەندی ئاسایشی بازگەی تاسلوجە بەھۆی سەختی برینەكەی شەھید بوو، پێنج كارمەندی دیكەش برینداربوون".
لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: "لیژنەیەك پێكھێنراوە و ھەردوو لایەنی ھۆكار بۆ دروستبوونی كێشەكە بە بڕیاری دادوەر راگیراون".