هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت داوای پاره‌ی نه‌وت بكات

گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق له‌ رێگه‌ی بۆرییەكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بارگرانیی خستووەتە سەر داراییەكەی

گواستنەوەی نەوتی عێراق بەڕێگای بۆرییەكانی ھەرێم
گواستنەوەی نەوتی عێراق بەڕێگای بۆرییەكانی ھەرێم

K24 – ھەولێر:

رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی عیراق بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان دەگوازرێتەوە، تێچووی گواستنەوەكەشى، بۆ هەر بەرمیليک 5 بۆ 7 دۆلارە لەسەر گیرفانی حکومەتی هەریمی کورستانه، ھەرێم وەک رێگە خۆشکردنێک بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، پارەی ئەو گواستنەوەیە وەرناگرێت.

گۆڤەند شێروانی پسپۆڕی بواری نەوت گوتی: ئەم گواستنەوەیەش لە رێگەی دوو کۆمپانیاوه دەکرێت.

تێچووی گواستنەوەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بارگرانی لەسەر دارایی کوردستان درووست كردووە، چونكە ھەرێم تێچوەکەی دەدات.

توانا تەحسین خەیات پسپۆڕی ئابووری گوتی: تێچووی گواستنەوەی هەر بەرمیل نەوتێکی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان لە نێوان پێنج بۆ حەوت دۆلارە. ئەگەر هەردوولا نەگەنە رێكکەوتن هەرێم دەتوانێت داوای پارەی گواستنەوەی نەوتەکە بکات و دەشتوانێت رایبگرێت، لە هەردوو حاڵەتيشدا حکومەتی عێراق زیانی پێده‌گات.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رايگەياند، هەناردەی نەوت لە هەرێم تاوەکو بەندەری جیهان، هەمووی لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمە، بەو 100 هەزار بەرمیلەی حکومەتی عێراقیش، كه بە رێگەی بۆرییە نەوتییەکانی ھەرێمدا دەینێرێت. به‌غدا تا ئێستا هیچ پارەی گواستنەوەی ئەو نەوتەی نەداوەوەتە ھەرێم، بەڵكو هەمووی قورساییەكەی کەوتووەتە سەر دارایی هەرێم. ئەمەش بەشێکی دیكەیە لە بابەتی گفتوگۆکانى هەرێم لەگەڵ به‌غدا كه بەرپرسیارێتی گواستنەوەی نەک نەوتی هەرێم بەڵكو هی ئەوەی خۆیشی نەخستووەتە ئەستۆ.