فەلسەفە و دەرووناسی چی لەسەر پەیوەندی خۆشەویستی سەرکەوتوو دەڵێن؟
بنەمای سەرکەوتن لە هاوسەرگیریی دیاری دەکەن

K24- هەولێر:
خۆشەویستی و ماوەی گەیشتن بە خۆشەویست، کاریگەری قووڵ لەسەر مێشکی مرۆڤ دادەنێت، لە بێهیوایی و رق و کینە لە خود بۆ ژیاندۆستی و دڵخۆشی، تەنانەت هەندێک چیرۆک، دەبنە هۆی خۆکوشتن، کردارێک پێچەوانەی تەواوی بنەما سروشتییەکانە.
زانکۆی هارڤارد توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە لەسەر کاریگەرییەکی خۆشەویستی لەسەر تەندروستی گشتی مرۆڤ.
زانکۆکە لە توێژینەوەکەی ئەوەی دەرخستووە، جگەرە نەکێشان، وەرزشکردن، زۆر نەخواردنەوەی ماددە کحولییەکان هۆکارن بۆ ئەوەی کەسێک تەندروستییەکی باش بۆخۆی فەراهەم بکات، بەڵام لە راستییدا، بوونی پەیوەندییەکی خۆشەویستی جێگیر کاریگەری ئەرێنی زیاتری لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.
توێژەران دەڵێن، نهێنی خۆشبەختی کەوتنە داوی خۆشەویستی نییە، بەڵکو مانەوەیە لە پەیوەندییەک کە خۆشەویستی تێدایە. تەندروسترین پەیوەندییش ئەو پەیوەندیانەن کە زیاتر لە سۆز و دەربڕین، هەستێکی جێگیر، تێگەیشتن لەیەک و خۆ تەرخانکردنی تێدایە.
هەروەها گۆڤاری هاپینێس ستەدی، توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە لەسەر پەیوەندی خۆشەویستی و تێیدا هاتووە، هاوسەرگیرییەکی تەندروست سەرچاوەکەی لە هاوڕێیەتییەوە دێت. ئەو هاوسەرانەی وەک دوو هاوڕێ وان، زۆرترین سەرکەوتن لە ماوەی هاوسەرگیریی یان پەیوەندی خۆشەویستی بە دەست دەهێنن.
هەر لەوبارەوە، زانکۆی مەشیگن لە ئەمەریکا توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە و دەریخستووە، ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان کردووە و تەمەنیان لە نێوان 22 بۆ 79 ساڵە، ئەگەر هاوڕێیەتییەکی نزیک لە نێوانیان هەبێت، ئاسوودەتر بوون، زیاتر بڕوایان بەخۆیان هەبووە و کەمتر دووچاری خەمۆکی بوون.
لە ئەنجامی کۆتایی ئەو توێژینەوەیە هاتووە، خۆشەویستی نێوان دوو کەس گرنگە، بەڵام هەموو شتێک نییە و نابێتە هۆی خۆشبەختی بۆ هەردووکیان بە تەنها. ئاماژە بەوەشکردووە، ئەم راستییە درەنگ درکی پێدەکرێت، زیاتر ئەو کەسانەی تەمەنیان دەچێتە سەرو 30 ساڵی، لە گرنگی تێگەیشتن و هاوڕێیەتی تێدەگەن.
فریدیک نیچە، فەیلەسووف، لەسەر هەمان بۆچوون پێداگیریی دەکات و دەڵێت، لە نەبوونی خۆشەویستی نییە، بەڵکو نەبوونی هاوڕێیەتییە، هاوسەرگیریی خۆشبەختی تێدا نابێت.