لە ھەولێر 8 ئافرەت و 3 پیاو لەسەر لەشفرۆشی دەستگیركران
"لەلایەن كەسێكەوە سەرپەرشتی باندەكە كراوە"

K24 – ھەولێر
ھێزەكانی پۆلیس لە ھەولێر باندێكی لەشفرۆشیان دەستگیركرد، كە پێكھاتوون لە 8 ئافرەت و 3 پیاو، لەلایەن كەسێكەوە سەرپەرشتی باندەكە كراوە.
رائید ھۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەیشت كە باندێكی لەشفرۆشی لە سنووری ھەولێر نیشتەجێبوونە، تیمێكی بەدواداچوونمان پێكھێنا، پاش دەستنیشانكردنی شوێنەكەیان فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەمان وەرگرت و توانیمان باندەكە دەستگیر بكەین كە 8 ئافرەت و 3 پیاو بوون".
راشیگەیاند: "پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەو 11 كەسە رێكخست و رادەستی دادگامان كردن".
وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، روونیكردەوە: "ئەو كەسانەی دەستگیركراون، تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵی تا 35 سایدایە".
گوتیشی: "ھیچ كام لەو كەسانە خەڵكی ھەولێر و شارەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان نین، بەڵكو لە دەرەوە ھاتوون و لێرە نیشتەجێبوونە".
رائید ھۆگر عەزیز، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو باندە رێكخرابوون و لەلایەن كەسێكەوە سەرپەرشتیان دەكرا".
ئەمە لەكاتێكدایە لە سەرەتای ئەم مانگەدا باندێكی دیكەی لەشفرۆشی لە ھەولێر دەستگیر كران. وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر جەخت دەكاتەوە: "ئەركی ئێمە پاراستنی شارە لە ھەموو تاوان و كردەوە نایاساییەكان، ھەموو ئەو كەسانەی دەستگیریان دەكەین رادەستی دادگایان دەكەین".
ھ.م