منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ لە ئەمەریکا "لە سەرما رەقبووەوە"
بچووکترینی ئەو 47 کەسەیە کە لە ئەمەریکا بەهۆی شەپۆلێکی سەرما گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر
کریستیان پاڤۆنی تەمەن 11 ساڵ، رۆژی دووشەممە بۆ یەکەمجار لە ژیانی خۆیدا بەفری بینی، بەدڵی خۆی یاریی لەنێو کرد و دواتر "بەهۆی سەرما" لەنێو جێگاکەی خۆی لە ماڵەکەیان لە ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکا "رەقبووەوە" و، بووە بچووکترینی ئەو 47 کەسەی لەو شەپۆلی سەرمایەی ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە.
کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆی سێشەممە، دایکی کریستیان چووە ژووری کوڕەکەی بۆ ئەوەی بەخەبەری بهێنێت، چونکە رۆژانە درەنگ لەخەو هەڵدەستێت، بەتانییەکەی لەسەر لادا، بەڵام کوڕەکەی جوڵەی نەبوو، بۆیە هاوسەرەکەی پەیوەندی بە پۆلیسی فریاکەوتن کردووە، ئەوان دوای چەند خولەکێک گەیشتوون، بەڵام لەدوای گەیشتنیان راستەوخۆ گوتوویانە کریستیان دەمێکە گیانی لەدەستداوە.
لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە، شەپۆلێکی سەرما بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لەسەر ملیۆنان کەسی ویلایەتی تەکساس، بەهۆیەوەش تائێستا بەلایەنی کەمەوە 47 کەس لە سەرما رەقبوونەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا چاوەڕوان دەکەن ئەو ژمارەیە بەرزتریش ببێتەوە، بەهۆی ئەوەی سەرماکە بەردەوامە.
ئەو منداڵە، خەڵکی کۆماری هۆندۆراسە لە ئەمەریکای ناوەڕاست، لەگەڵ دایک و هاوسەری دایکی و براکەی لەنێو کەرەڤاندا ژیاون. ئێستاش خێزانەکەی هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی پارە کۆبکەنەوە و تەرمی کوڕە 11 ساڵەکەیان ببەنەوە هۆندۆراس، چونکە هەمیشە گوتوویەتی بیری داپیر و باپیری و وڵاتی خۆی دەکات.
پشکنینی توێکاری بۆ جەستەی کریستیان پاڤۆنی کراوە، "هەموو شتێک دەریدەخات ئەو نەخۆش نەبووە و منداڵێکی ئاسایی بووە، بەڵام دەرکەوتنی ئەنجامی تەواوی توێکارییەکە ماوەی چەند هەفتەیەکی ماوە، گومانی سەرەکیی هۆکاری مردنیشی، رەقبوونەوەیە لە سەرما".