بەڤیدیۆ.. بە ماکیاژ خۆیان کردووەتە پیرێژن بۆ ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن

هەوڵیانداوە 30 ساڵێک لە تەمەنی خۆیان گەورەتر دەربکەون

ژنەکان هەوڵیانداوە نزیکەی 30 ساڵێک گەورەتر لە تەمەنی خۆیان دەربکەون
ژنەکان هەوڵیانداوە نزیکەی 30 ساڵێک گەورەتر لە تەمەنی خۆیان دەربکەون

K24 - هەولێر

دوو ژن لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا بۆ ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنایان لێبدرێت، بە بەکارهێنانی ماکیاژ و چاویلکە و پۆشینی جلوبەرگی "پیرانە" خۆیان وانیشاندەدەن لە شەستەکانی تەمەنیاندان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی رۆژی هەینی (19ـی شوبات/ فێبرایەرـی 2021) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە هەردوو ژنەکە نیشاندەدات، کاتێک ویستوویانە بە فێڵ ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، رۆژنامەکە ئەم ڤیدیۆیە وەکو نموونەیەک باس دەکات، کە چۆن خەڵک هەوڵدەدەن لەڕێگەی فێڵکردنەوە ڤاکسینی دژی کۆرۆنایان دەستبکەوێت.

رائول پینۆ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی کەرتی ئۆرانج لە فلۆریدا رایگەیاند، ڤاکسینی کۆرۆنا "ئەو کاڵایەیە، ئێستا زۆرترین داواکاریی لەسەرە، بۆیە پێیوستە هۆشیار بین".

لەبارەی ئەو رووداوەشەوە دەڵێ: دوو ژن کە تەمەنیان 34 و 44 ساڵە، "جلوبەرگی پیرێژنانیان لەبەرکردووە، وەک ئەوان سەریان پێچاوە، دەستکێش و چاویلکەیان لەچاوکردووە بۆ ئەوەی وای نیشانبدەن تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵە، ئەمەش کەمترین تەمەنی دیاریکراوە بۆ ئەوەی کەسێک ڤاکسینی کۆرۆنای لێبدرێت".

ئەو ڤیدیۆیەی دوو ژنەکە نیشاندەدات، دەریدەخات هەردوو ژن لەنێو ئۆتۆمبێلێکدان، ئەفسەریکی پۆلیسیش سەرزەنشتیان دەکات و دەڵێ "ئێوە ڤاکسینتان لە کەسانێک دزیوە کە زیاتر لە ئێوە پێویستییانە، ئێستاش ڤاکسینی دووەم وەرناگرن، بۆیە کاتێکی زۆرمان لێرە بەفیڕۆدا، سکاڵاتان لەدژ تۆمارناکرێت، بەڵام نابێت جارێکی دیکە لێرە نزیکببنەوە".

پێدەچێت ئەو فێڵە سەرکەوتووبووبێت لە وەرگرتنی ڤاکسینی یەکەم، چونکە هەردوو ژن کارتی لێدانی ڤاکسینی یەکەمیان هەیە، واتا یەکەم دۆسی ڤاکسینەکەیان لێدراوە.

رۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێ؛ ناسنامەی ئەو دوو ژنە ئاشکرا نەکراوە و دەستگیریش نەکراون.

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment