كوردستان24 زانیاری له‌باره‌ی رێكاری نوێی دژ به كۆرۆنا بڵاوده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردن و گرتنه‌به‌ری دوایین بڕیار و رێكاری نوێ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كۆبووه‌وه و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، كۆمه‌ڵێك پێشنیاز بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خراونه‌ته‌ڕوو و پێشبینی ده‌كرێت رێكاری نوێ بگیرێته‌به‌ر.
رێناس عه‌لی، په‌یامنێری كوردستان24 له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك پێشنیازیان ئاماده‌كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری نوێ و ئه‌گه‌ره‌كانی ده‌ركردنی بڕیاری نوێ سه‌باره‌ت به راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ و داخستنی ناوه‌نده‌كانی خوێندن بخه‌نه‌ڕوو.
هه‌وره‌ها گوتی: 14 حاڵه‌تی دیكه‌ی زنجیره نوێیه‌كه‌ی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون و كۆی ژماره‌ی تووشبووان به نه‌وه نوێیه‌كه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه گه‌یشته 19 كه‌س و بڵاوبوونه‌وه‌شی له كۆپییه كۆنه‌كه زۆر خێراتره و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لێژنه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخه‌كه ده‌كات و له‌سه‌ر بنه‌مای ئاستی هه‌ستیاری دۆخه‌كه بڕیار ده‌دات.
په‌یامنێری كوردستان24 راشیگه‌یاند، به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئاماده‌كراوه و له‌لایه‌ن وه‌زیری ته‌ندروستییه‌وه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشنیازكراوه، كۆمه‌ڵێك رێكاری نوێ ده‌گیرێنه‌به‌ر، له‌وانه‌ش: توندكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان و سنوورداركردنی هاتووچۆ له ده‌روازه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان.
هه‌روه‌ها گوتی: خاڵێكی دیكه كه به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت، بریتییه له توندكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی هاتووچۆ له بازگه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق و به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون له باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، هاتووچۆ له‌و بازگانه سنووردار ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ، په‌یامنێری كوردستان24 ئاشكرایكرد، تا ئێستا هیچ بڕیارێك له‌وباره‌یه‌وه نییه و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، هیچ پێشنیازێكیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نه‌خراوه‌ته‌ڕوو، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێداوه، حاڵه‌ته‌كان كه‌من و دۆخه‌كه نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ رابگه‌یه‌ندرێت و بۆ دۆخی ئێستا ته‌نیا پێویسته رێكاره‌كان توندبكرێن.
سه‌باره‌ت به پێشنیازه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش رێناس عه‌لی گوتی: وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده پێشنیازی كردووه، له‌ناو قوتابخانه‌كان رێكاری توندی خۆپارێزی بگیرێنه‌به‌ر، به‌ڵام ئێستا كاتی وه‌ستاندنی ده‌وامی قوتابخانه‌كان نیه و ئه‌گه‌ر رێكاره‌كان توندبكرێن و وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن كۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكه‌ن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌وه رازی بووه كه خوێندن له قوتابخانه‌كان به‌رده‌وام بێت، هه‌ر كاتێكیش هه‌ستیان به مه‌ترسی دۆخه‌كه كرد، ئه‌وكات بڕیاری دیكه له‌وباره‌یه‌وه ده‌ده‌ن.
گوتیشی: تیمی ته‌ندروستی چاودێری و سه‌رپه‌رشتی ده‌وامی قوتابخانه‌كان ده‌كه‌ن و رێنمایی و ئامۆژگاری به دایكان و باوكانی قوتابیان ده‌ده‌ن، له ئه‌گه‌ری بوونی هه‌ر حاڵه‌تێكی گوماناوی منداڵه‌كانیان نه‌نێرنه قوتابخانه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر به كوردستان24ی راگه‌یاند، تا ئێستا نازانن سه‌رچاوه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه له‌كوێوه بووه، كه به زنجیره نوێیه‌كه‌ی كۆرۆنا تۆماركراون.
هه‌روه‌ها گوتی: له‌ناو تووشبووانی زنجیره نوێیه‌كه‌ی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان، منداڵێكی ته‌مه‌ن 6 ساڵی و مێردمنداڵێكی 15 ساڵی هه‌ن.
H.B