لە ساڵی 2022 پێویستمان بە بەستنی دەمامک دەبێت؟
بەناوبانگترین پزیشکی جیهان وەڵامدەداتەوە

K24 - هەولێر
لەکاتێکدا دەمامک بووەتە باوترین کەرەستەی بەکارهێنراو لە جیهان لە ساڵی 2020 و لەمساڵیش، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە و جۆری نوێی لێ دروست دەبێت، بۆیە پێدەچێت دەمامک تاوەکو کۆتایی 2022 کەرەستەیەکی پێویست بێت، بەگوتەی بەناوبانگترین پزیشکی ئەمەریکا.
ئەنتۆنی فاوچی، گەورە راوێژکاری جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمەریکا بۆ هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکان، رایگەیاند ئەگەری زۆرە ئەمەریکییەکان پێویستیان بە بەستنی دەمامک بێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، هەرچەندە رێکارەکانی دژی کۆرۆنا سووکیش بکرێن.
فاوچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن گوتی "ئەگەر هەیە رەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت (پێویست بکات دەمامک ببەستین)"، باسی لەوەش کرد "بەستنی دەمامک پەیوەستە بە رادەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و جۆرە جیاوازەکانی کە ئەگەر هەیە دەربکەون".
لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لەگەڵ رۆیتەرز، فاوچی روونی کردەوە دابەشبوونی سیاسی لە ئەمەریکا، بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی کۆچکردووان بەو پەتایە.
جەختیشی کردەوە لەوەی "کۆرۆنا کاتێک دەرکەوت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دابەشبوونێکی سیاسیی قووڵدا بوو، بەستنی دەمامک ببووە پەیامێکی سیاسی لەجیاتی ئەوەی وەکو رێوشوێنێکی تەندروستی سەیر بکرێت... نەدەبوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئەو هەموو مردنە (نیو ملیۆن) بە کۆرۆنا تۆمار بکات".
هـ.ر.