تووشبووانی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنگۆ 10 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتاکانی پەیمانگەی تەندروستیی گشتیی کۆنگۆی دیموکرات رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات گەیشتووەتە زیاتر لە 10 هەزار حاڵەت، ئەم ئامارانە لە کاتێکدان نیگەرانییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەفریقا رووی لە زیادبوون کردووە.

بەگوێرەی ئەو داتایەنی لە تەندروستی کۆنگۆ بڵاوکراوەتەوە، 10 هەزار و 60 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، چوار هەزار و 887 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی داتاکان زۆرترین زیانی ئەو ڤائرۆسە بەر کۆنگۆ کەوتووە.

تۆمارکردنی حاڵەتەکان لە دەرەوەی خاکی کۆنگۆ نیگەرانیی ناوچەیی دروستکردووە. کینیا باسی لە تۆمارکردنی 9 حاڵەت کردووە و نێجیریاش تووشبوونی کەسێکی بەو ڤایرۆسە ئاشکراکردووە.

دەزگاکانی تەندروستی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی تووشبوونی هاوسەری دیپلۆماتکارێکی سویسری دەکەن، کە پێشتر هیچ گەشتێکی بۆ کۆنگۆ نەکردووە، ئەو ئافرەتە و هاوسەرەکەی بۆ دوو نەخۆشخانە لە سویسرا گوازراونەتەوە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە بەرکەوتنیان لەگەڵ تووشبووان هەبووە و هەڵسەنگاندنی ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە سنوورەکان دەکەن.

کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە پێویستی بە دۆزینەوەی حاڵەتەکان، کەرەنتینەکردنی تووشبووان، چاودێریکردنی بەرکەوتووان و بەهێزکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی هەیە. پێویست ناکات تۆمارکردنی حاڵەتەکان لە دەرەوەی کۆنگۆ وەک بەڵگەیەک بۆ بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوان لەو وڵاتانە لێکبدرێتەوە، چونکە ئاستی مەترسییەکان بەندە بە ئەنجامی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان و هەڵسەنگاندنە تەندروستییەکانی داهاتوو.