10 کەس لە سلێمانی گومانی تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاویان لێدەکرێت
زانیاری لەبارەیان دەخرێتەڕوو
K24- سلێمانی:
لە نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن ناسراو بە جمهورییەکە لە سلێمانی، 10 حاڵەت کە گومانی کۆرۆنای گۆڕاویان لێ دەکرێت تۆمار کراون.
د. داهات حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید د. هێمن بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو بۆ سێ رۆژە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادیکردووە.
راشیگەیاند: "دوێنێ 10 نەخۆشمان بۆ هاتووە کە گومان دەکەین تووشی نەخۆشی کۆرۆنای گۆڕاو بووبن چونکە ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی لە ناویاندا بڵاوبووەتەوە و نیشانەکانیشیان جیاوازن. دانیشتووی سلێمانین و بەرکەوتنیان لەگەڵ خەڵکی ئێران و باشووری عێراق هەبووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، سێ لە نەخۆشەکان ئەندامی یەک خێزانن.
د. داهات زانیاری زیاتری خستەڕوو و گووتی: "کۆرۆنای گۆڕاو کەمتر تووشی کەسانی بەتەمەن دەبێت و زیاتریش کار دەکاتە سەر کۆئەندامی هەرس، دەبێتە هۆی سکچون و رشانەوە".
لەبارەی حاڵەتەکانی سلێمانیش گووتی، پشکنیان بۆ کراوە، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەکان، دووبارە پشکنیان بۆ ئەنجام دەدرێتەوە.