88 کچی ئێزدی خولێکی سەربازییان تەواو کرد
''ئامادەی بەرگرین لە خاکەکەمان''

K24- هەولێر:
لە فێرگەی خنس لە قەزای شێخان، 88 کچی ئێزدی خولێکی راهێنانی سەربازییان تەواو کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە قەزای شێخان، خولی 23ـی پێشمەرگەی ئافرەتانی ئێزدی سەر بە بەتالیۆنی بەرخودانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆتایی بە کارەکانی هێنرا و لە مەراسیمێکدا چەند نمایشێکی سەربازیی ئەنجامدرا.
خاتێ عەلی، بەرپرسی هێزەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەرکی ئێمە ئەوەیە شان بە شانی هێزەکانی پێشمەرگە بەرگری لە هاووڵاتیان بکەین و بەرگری لە شنگال وەک بەشێک لە خاکی کوردستان بکەین".
داواشی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، گەنجێکی زۆر دەیانەوێت بێنە ریزەکانی پێشمەرگە و دەرگایان بۆ بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ''لە ساڵی 2014 کاتێک داعش هێرشی کرد، ئێمە هێزی بەرگریمان نەبوو، ئێستا سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین کە هاوکارمان بووە لە دروستکردنی هێزی بەرگری و کچە ئێزدییەکان پەرۆشیان زۆریان بۆ بەرگری لە خاکەکەیان هەیە''.