رووماڵ

پاپای ڤاتیكان سه‌ردانی عێراق و كوردستان ده‌كات

لە یاریگای "فەرەنسۆ ھەریری" لە ھەولێر، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ رێکدەخرێت

ئاماده‌كاری بۆ پێشوازیكردن له‌ پاپای ڤاتیكان ده‌كرێت
ئاماده‌كاری بۆ پێشوازیكردن له‌ پاپای ڤاتیكان ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

بریارە رۆژی (5ی ئادار)ی ئەمساڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بە سەردانێكی (4) رۆژی، لە رۆماوە بگاتە عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانیش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا و چەند وەزارەتێک راسپێردراون بۆ ئامادەکارییەکانی سه‌ردانه‌كه‌، كریستیانه‌كانی عێراق بە سه‌ردانه‌كه‌ خۆشحاڵن و پەیامێکیان بۆ پاپا ئامادە کردووە، کە ئەویش رزگارکردنیانە لەو نەھامەتییانەی، کە بە ھۆی جیاكاری ئایینییه‌وه‌ لە عێراق تووشی بوونە.

باوکە پیۆس، ھۆڵی کنسیەکەی ئامادە کردووە، کە بۆ یەکەم جار "پاپا فرنسیس" دێتە عێراق لە ناو کەنیسەکی ئەودا بە ئامادەبوانی شوێنکەوتوانی ئاینی مەسیحی نوێژی ئاشتەوایی دەخوێنێت، ئەمە قەشەیە خۆی ئاوی خاوێن لە "پاپا" وەردەگرێت و بە سەر نوێژخوێنان دابەشی دەکات، مەسیحییەکانی عێراق لە ژێر یەک ناونیشان پەیامێکیان بۆ رابەری روحییان ئامادەکردووە، ئەویش سارێژی نەھامەتییەکانیانە، کە لە ژێر ناوی جیاكاری ئایینی رووبەڕوویان بووەتەوە.

قاشه‌ پیۆس گوتی: "بە درێژایی چەندین ساڵە ھیچ کەسێک ساڕێژی نەکردووین، بەڵام ئێستا قەداسەتی پاپا، کە سەردانمان دەکات، سەردانی ساڕێژکردنمانە لەو ڤایرۆسەی، کە وایکرد ھەموومان ببین بە دوژمنی یەک و یەکتر بکوژین، پێمان دەڵێت بەسە فرۆشتنی نیشتمان، بەسە فرۆشتنی خۆمان لە پێناو بەرژەوەندی، چونکە ئەوە کۆتایی دێت، بەڵام ژیان و زەوی و نیشتمان کۆتایی نایه‌ت و بەردەوام دەبێت".

بریارە رۆژی (5ی ئادار)ی ئەمساڵ، "پاپا فرنسیس" لە رۆماوە بە سەردانێک بگاتە عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا، چەند وەزارەتێکیش راسپێردران بۆ ئامادەکارییەکانی ھاتنی، تاکو لە رووی ئاشتەوایی ئاینی و سیاسی و ئابووری و شوێنەوارییەوە سەردانییەکەی بەرھەمدار بێت، چونکە لە بەغداوە دەچێتە نەجەف، لەگەڵ مەرجەعی شیعە مەزھەبەکانی عێراق "عەلی سیستانی" کۆدەبێتەوە، پاشان دەچێتە شوێنەواری "ئور" لە زیقار، کە شوێنی لەدایکبوونی پەیامبەر ئیبراھیمە و لەوێ نزا دەکات، دواتریش دەچێتە لای مەسیحییەکانی قەرەقوش لە موسڵ، ھەر لە درێژەی سەردانەکەیدا، دێتە ھەرێمی کوردستان و لە یاریگای فەرەنسۆ ھەریری لە ھەولێر، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ رێکدەخرێت، مەسیحییەکانی عەنکاوەش بەسەردەکاتەوە.

حەسەن نازم، گوتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گوتی: "بە ھەموو پێوەرێک سەردانەکه‌ی مێژووییە، چونکە ره‌نگه‌ تا یەک سەدەی دیكه‌ دووبارە نه‌بێتەوە، ئامادەبوونی "پاپا" بە پێگە و بەرپرسیارێتی یەک ملیار مەسیحی کاسیۆلیکی لە سەر رووی زەوی لە وڵاتەکەمان، چەندین پەیامی گرنگی دەبێت، چەند وەزارەتێک راسپێردراون بۆ ئامادەکاری ئەم سەردانە، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبین و عێراق سەرکەوتوو بێت، چونکە لە چەندین ئاستدا بەرھەمی دەبێت".

تیمی پرۆتۆکۆڵی "پاپا فرنسیس"، دوو رۆژە گەشتوونەتە عێراق و دەستیان بە ئامادەکاری کردووە، میدیا ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکانیش تیشکی تەواویان خستووەتە سەر ئەم سەردانە.

مەسیحییەکانی عێراق لە دوای ساڵی (2003)ـه‌وه‌ تاکو ئێستا تووشی چەندین ئاوارەیی و دەربەدەری بووەنە، بە جۆرێک لە کۆی ملیۆێنێک و (800) ھەزار مەسیحی، کەمتر لە (300) ھەزاریان لە عێراقدا ماون، بەشی ھەرە زۆریشیان لە ھەولێر و شارەکانی دیكه‌ی ھەرێم نیشتەجێن، بۆیە ئومێدیان بەم سەردانییە ھەڵچنیوە، تاکو چیتر نەھامەتی نەیه‌تە سەر رێگایان.

د.ی