بارەگای بارزانی: مەراسیمی یادکردنەوە و سەردانی هاووڵاتییان بۆ مەزاری نەمران بەڕێوەناچێت
"ئەم رێوشوێنە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خەڵكی خۆشەویستی كوردستانە"

K24 - هەولێر
بارەگای بارزانی رایگەیاند بەگۆی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، ئەمساڵ مەراسیمی یادکردنەوە و سەردانی هاووڵاتییان بۆ مەزاری نەمران بەڕێوەناچێت.
لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ بارەگای بارزانی ئاگاداری هاووڵاتییان و هەموو چین و توێژەکان دەکات، ئەم رێوشوێنە "لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خەڵكی خۆشەویستی كوردستانە".
ئەم رێوشوێنە لەکاتێکدایە لە مانگی ئاداری ساڵی رابردووش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیچ مەراسیمێک لە بارەگای نەمران سازنەکرا.
دەقی راگەیەندراوەکە:
لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادەكانی مانگی ئادار، ئاگاداری هاووڵاتیانی خۆشەویست و هەموو چینوتوێژەكان دەكەین كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، ئەمساڵ مەراسیمی یادكردنەوە و سەردانی هاووڵاتیان بۆ مەزاری نەمران بەڕێوە ناچێت.
وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان، هیوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ گشت لایەك دەخوازین.
بارەگای بارزانی
٢٧ـی شوباتی ٢٠٢١