پارێزگاری ھەولێر كێشەی گۆرانیبێژی میللی عوسمان حوسێن چارەسەر دەكات
لەسەر ئەركی پارێزگا خانووێكی بۆ بەكرێ دەگیرێت و كەلوپەل و پێداویستی ناوماڵی بۆ دابین دەكرێت

K24 – ھەولێر
دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، گۆرانیبێژی میللی شاری هەولێر عوسمان حوسێن، بەھۆی نەبوونی خانوو لەسەر شەقامێکی شاری هەولێر خێوەتی هەڵداوە، پارێزگاری ھەولێر بەدواداچوونی پێشوازی لێكرد و بڕیاریدا لەسەر ئەرکی پارێزگا خانووێکی بۆ بەکرێ بگرن و كەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستی و خۆراكی بۆ دابین بكەن. ھەروەھا بەڵێنیان پێداوە ھەموو ھەوڵێك دەدەن بۆ چارەسەركردنی ھاوسەرەكەی كە تووشی نەخۆشی بووە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: "دوای ئەوەی لە چەند ماڵپەڕ و پەیجێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاوکرایەوە کە گۆرانیبێژی میللی شاری هەولێر عوسمان حوسێن، بەهۆی نەبوونی خانوو لەسەر شەقامێکی شاری هەولێر خێوەتی هەڵداوە، شەوی رابردوو راستەوخۆ پەیوەندییمان پێوەکرد و بەیانی ئەمڕۆش لە دیوانی پارێزگا پێشوازیمان لێکرد و بەڵێنمان پێیدا گرفتەکانی بۆ چارەسەر بکەین".
راشیگەیاند: "بڕیارماندا لەسەر ئەرکی پارێزگا خانووێکی بۆ بەکرێ بگرین و مانگانە کرێکەی بۆ دابینبکەین، هەروەها بەشێک لە پێداویستیی و کەل و پەلی ناوماڵ و بەشە خوراکی پێویستی بۆ دابینبکرێت، سەبارەت بە نەخۆشی خێزانەکەشی، دڵنیاییمانکردەوە هەرچی لە توانادابێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی وەکو پارێزگای هەولێر درێغی لێناکەین".
عوسمان حوسێن، یەكێكە لە گۆرانیبێژە میللیە دیارەكانی كوردستان و خاوەنی چەندین بەرھەمی تۆمار كراوە، یەكێك لە گۆرانییە دیارەكانیشی (شیرین ئەوڕۆ بەهارە)یە كە لە سەرەتای ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو یەكێك بوو لە گۆرانییە باوەكانی ناو گەنجانی كوردستان.

