حكومەتی ھەرێم ھەوڵی كەمكردنەوەی ھاوردەكان دەدات
دەستەی وەبەرھێنان كار لەسەر پێداویستیەكانی بازاڕ دەكات
K24 - ھەولێر
بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان پڕن لە كاڵای ھاوردەكراو، ساڵانەش بە دەیان ملیار دۆلار دەچێتە دەرەوە، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی وەبەرھێنان ئامار و داتای ئەو كاڵایانەی وەرگرتووە لەبارەی پێداویستییەكانی بازاڕ، ئامانجی ئەو ھەنگاوەش بەرچاو روونییە لە كەمی و زیادی بەرھەمەكان و لەھەمانكاتدا گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی و زیادكردنی كارگە و بەرھەمە خۆماڵییەكانە.
گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی و زیادكردنی بەرھەمە خۆماڵییەكان كاری لەپێشینەی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، زیادكردنی ژمارەی كارگە پیشەسازییەكان و بەرزكردنەوەی كوالیتی بەرھەمەكان بە ئامانجی دووركەوتنەوەیە لە كاڵای ھاوردەكراو، بەرھەمی كارگە خۆماڵییەكان لە ھەموو جۆرو بەشەكانیانەوە كاریان لەسەر كراوە، دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە رێگەی بەدواداچوونێك پێداویستی بازاڕیان دیاری كردووە. سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان پێیوایە بەم ھەنگاوە كەرتی پیشەسازی دەچێتە قۆناغێكی نوێ.
د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان بە كوردستان24ی راگەیاند: "زیاتر لە 150 نموونە لە بازاڕ وەرگیراوە، كە ھاوردەی دەرەكییە بۆ ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆمان لەسەر كردووە، دەمامەوێت بزانین لەناو بازاڕەكان پێویستیمان بە چەند كەرەستەی پیشەسازییە، ھەروەھا بزانین چەندی لە دەرەوە ھاوردە دەكرێت بۆ ھەرێمی كوردستان، ھاوكات چەندین دەرفەتی نوێی پیشەسازیمان دیاریكرد".
تاوكو ساڵی 2018، 119 مۆڵەت دامەزراوە پیشەسازی گەورەو 421 دامەزراوەی مامناوەند و لەگەڵ ھەزارو 378 پڕۆژەی پیشەسازی بچووك. تەنیا لەماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم بە بەھای زیاتر لە ملیارێك و 155 ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان لە كەرتی پیشەسازیدا كراوە. ئامانجی ئەم ھەنگاوەی دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، كەمكردنەوەی بەرھەمە ھاوردەكراوەكان و پشت بەستنە بە بەرھەمی خۆماڵیی.
شێخ مستەفا عەبدولرەحمان، سەرۆكی یەكێتی ھاوردە و ناردنكاران بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا ساڵانە بە بڕی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار كاڵای پیشەسازی و كشتوكاڵ و جۆرەكانی دیكە ھاوردە دەكەین، دەمانەوێت ئەو بڕە كەمبكرێتەوە و گرنگی زیاتر بە بەرھەمی خۆماڵی بدەین".
تائێستا دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەتی به 231 پڕۆژەى پیشەسازی داوە، لەو ژمارەیە 120 پڕۆژە كەوتوونەتە كار و بەرھەم دەخەنە بازاڕەوە، كە زیاتر لە 105 جۆر بەرھەمیان ھەیە، كەرتی پیشەسازی 35%ی كۆی وەبەرھێنانی لە كوردستاندا پێكھێناوە، لە 2006وە تائێستا بە بەھای زیاتر لە 18 ملیارو 692 ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان لە سێكتەری پیشەسازیدا كراوە.