دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نوێی نەوت و غاز لە ئەنبار
لە میانی چەند رۆژی داھاتوودا، دۆزینەوەی كێڵگەی نوێی دیكەی غاز رادەگەیەنرێت
K24 - ھەولێر:
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شارەوانی جبە لە پارێزگای ئەنبار، قەتری عوبەیدی جەختیكردەوە لەسەر دۆزینەوەی كێڵگەیەكی دیكەی نەوت و غاز لە رۆژئاوای پارێزگای شاری رومادی.
عوبەیدی گوتی: كۆمپانیاكانی دۆزینەوەی نەوت، كە سەر بە یەكێك لە پێكھاتەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقە، لە میانی كردەوەكانی كنە و پشكنیندا كێڵگەیەكی غازیان لە ناوچەی جبە لە ناحیەی بەغدادی لە قەزای ھیت لە رۆژئاوای شاری رومادییان دۆزیوەتەوە، كە یەكێكە لەو دۆزینەوە نوێیانەی تا ئێستا ئاماژەی پێنەكراوە لە لایەن كۆمپانیای پەیوەندیدار بەو پرسەوە.
روونیشیكردەوە، ئەو كێڵگەیەی دۆزراوەتەوە بە ملیاران مەتر غازی تێدایە و ئەو دۆزینەوەیەش دوای چەند رۆژێك ھات لە كاری رووپێوكردنێكی بەرفراوان لە ناوچە بیابانییەكانی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لە لایەن تیمە بوومەلەرزەییەكان بۆ گەڕان بەدوای كێڵگەكانی نەوت و غاز.
روونیشكردەوە، كارەكانی رووپێوكردن ھێشتا بەردەوامە بەھەماھەنگێ لەگەڵ ھێزەكانی ئەمنی عێراقی، كە ئەركی خۆیان جێبەجێكردووە لە دابینكردنی ئەمنییەتی تەواوی ئەو ناوچانەی كاری كنە و پشكنینان تێدا دەكرێت. روونیشیكردەوە، لە میانی چەند رۆژی داھاتوودا، دۆزینەوەی كێڵگەی نوێی دیكەی غاز رادەگەیەنرێت، كە ھێشتا لە لایەن كۆمپانیاكانی دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەی رۆژئاوا ئاماژەیان پێنەكراوە.