بەرهەمی سماق "زێڕی سوور"ـی دهۆک پێشبینیدەکرێت ئەمساڵ بگاتە 10 هەزار تۆن
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، زانیاری لەبارەی بەرهەمهێنانی سماق لە سنووری پارێزگاکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سماق وەک "زێڕی سوور" وایە بۆ ناوچەکە و سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە بۆ سەدان خێزانی جووتیار، هاوکات پێشبینیدەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە نزیکەی 10 هەزار تۆن.
پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، تایبەت بە کوردستان24 گوتی، رووبەری زەویی داچێنراو بە داری سماق لە سنووری پارێزگاکەدا گەیشتووەتە نزیکەی 13 هەزار و 500 دۆنم، کە ساڵانە رووبەرەکەی روو لە زیادبوونە، ئاماژەی بەوەش کرد بەشی هەرە زۆری ئەم بەرهەمە، کە نزیکەی 80%ـی کۆی بەرهەمی پارێزگاکەیە، لە سنووری قەزای ئاکرێ بەرهەمدەهێنرێت.
سەبارەت بە جۆر و نرخەکانی لە بازاڕدا، ئەحمەد جەمیل گوتی: سێ جۆری سەرەکیی سماق لە سنوورەکە هەن کە بریتین لە (سوور، بۆلیکی و سپی)، گوتیشی، لە کێڵگەکان و لای جووتیاران، نرخی هەر کیلۆیەک لە سماقی سوور لە نێوان 9 بۆ 12 هەزار دیناردایە، جۆری بۆلیکی لە نێوان 9 بۆ 14 هەزار دینار دەفرۆشرێت، هەروەها سماقی سپیش نرخەکەی لە نێوان 12 بۆ 16 هەزار دینارە بۆ هەر کیلۆیەک.
دەربارەی هەناردەکردنی سماق بۆ دەرەوەی وڵات، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند، کە ساڵی رابردوو نزیکەی هەزار و 600 تۆن سماق هەناردەی تورکیا کراوە، ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا 55 تۆن لە رێگەی دوو بارەوە هەناردە کراوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕەکانی ناوخۆدا، ئێستا پرۆسەی هەناردەکردن بە شێوەیەکی کاتی راوەستاوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەحمەد جەمیل دووپاتیکردەوە، بەهۆی پێگە بەهێزە ئابوورییەکەی لە کەرتی کشتوکاڵدا، سماق بووەتە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە خۆماڵییەکان و ئێستا پێی دەگوترێت "زێڕی سوور"ـی دهۆک.