کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی ده‌ربارەی ئاو لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

لە کۆنفڕانسەکەدا لایەنی حکومی و نێودەوڵەتی و رێکخراوە په‌یوه‌نداره‌كانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دراوسێ بەشدارن

کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی ده‌ربارەی ئاو لە بەغدا بەڕێوەدەچێت
کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی ده‌ربارەی ئاو لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

K24 – ھەولێر:

بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراك و چەندین دۆسیەی دیکە، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستی بەکارەکانی كرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە کۆنفرانسەکەدا لایەنی حکومی و نێودەوڵەتی و رێکخراوە په‌یوه‌نداره‌كانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دراوسێ بەشداریان كردووە.

لە کۆنفرانسەکەدا، چەندین توێژینەوە و ئەزموونی جیهانی لەبارەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان تاوتوێ دەکرێن.

هەروەها تیشك دەخرێتە سەر رووبارە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

هاوکات تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە بریتین لە پلانی ستراتیژی و بەڕێوەبەردنی گشتگیری سەرچاوە ئاوییەکان و ئاسایشی ئاو و خۆراك، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، تاوتوێکردنی ئاڵنگاری گۆڕانی کەشوهەوا و هەماهەنگی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی رووبەڕووی کەمی ئاو و کاریگەری کردارە تیرۆریستییەکان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان ببنەوە.

ئەکرەم ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، لە كۆنفرانسەكەدا ئامادەیە و بە كوردستان24ی راگەیاند، وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی ئۆنڵاینەوە بەشداری کۆنفرانسەکەیان کرد.

گوتیشی: پلان بۆ دامەزراندنی هەندێك بەنداو لە عێراق داڕێژراوە.